جێبەجێکردنی شێوازەکانی گفتوگۆ و نێوەندگیریی تایبەت بە کەشوهەوا لە رووی کردارییەوە
بەشی دووەم: ئامرازەکانی نێوەندگیری و گفتوگۆی تایبەت بە کەشوهەوا کەشوهەوا
بەشی دووەم ڕێنمایی پراکتیکی پێشکەش دەکات بۆ جێبەجێکردنی ڕێبازەکانی گفتوگۆ و نێوەندگیری پەیوەست بە کەشوهەوا بێت. ئەم بەشە چوار قۆناغ دەناسێنێت – بناغە چەمکییەکان و دیزاین، ئامادەکاری، بەڕێوەبردنی پرۆسەی گفتوگۆ و نێوەندگیری، و جێبەجێکردنی دەرئەنجامەکانی بە ئامانجی گەیشتن بە چارەسەری بەردەوام و سەرکردایەتی کۆمەڵگا و گشتگیر بۆ ململانێکانی پەیوەست بە کەشوهەوا لە عێراقدا.
پێکهاتە
- پێشەکی
- قۆناغی یەکەم: بنەما و داڕشتنی چەمکی
- پێناسەکردنی قۆناغە جیاوازەکانی ململانێ، گفتوگۆ و شێوازەکانی نێوەندگیری
- تێکەڵکردنی نیگەرانییەکانی کەشوهەوا و ژینگە لە پرۆسەی گفتوگۆ و نێوەندگیریدا
- دیاریکردنی مەودا و ئاستی گونجاو بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ مەترسییەکانی ئاسایشی کەشوهەوا
- بەستنەوەی گفتوگۆ خۆجێییەکان بە شێوازەکانی دیکەی گفتوگۆ و کاری کەشوهەوا لەسەر ئاستە جیاوازەکان
- قۆناغی دووەم: ئامادەکاری
- قۆناغی سێیەم: بەڕێوەبردنی پرۆسەی گفتوگۆ و نێوەندگیری
- قۆناغی چوارەم: جێبەجێکردنی ئەنجامەکان
پێشەکی
دەکرێت گفتوگۆ و نێوەندگیری ئامرازی بەهێز بن بۆ مامەڵەکردنی بنیاتنەرانە لەگەڵ ململانێدا. لەو ژینگە و بارودۆخانەی کە توندوتیژی و مێژوویەکی ئاڵۆزی ململانێیان هەیە، ئەنجامدانی پڕۆسەکانی گفتوگۆ و نێوەندگیری لە نێو کۆمەڵگەدا دەکرێت ئاڵنگاریی گەورەی تێدابێت. هەروەها تێکەڵکردنی پرسەکانی ژینگە و گۆڕانی کەشوهەوا بەو پرۆسانە، ئاڵۆزییەکی دیکە زیاد دەکات. بۆیە، مامەڵەکردنی سەرکەوتووانە لەگەڵ ئەم ئاڵنگارییانە پێویستی بە ئامادەکاری، ئاسانکاری و بەدۆکیومێنتکردن هەیە.
پوختە: هەوڵەکانی گفتوگۆ/نێوەندگیری تایبەت بە کەشوهەوا بەپێی قەزاکان
حەویجە
لە حەویجە، گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەریی نەرێنی لەسەر بەردەستبوونی ئاو هەبووە. گفتوگۆیەکە تیشکی خستە سەر ئەو گوشارە زیادەی لەسەر سەرچاوەکانی ئاو دروست بووە، هەروەها لە نەبوونی رێککەوتنی دادپەروەرانە و هاوسەنگ بۆ بەڕێوەبردن، دابەشکردن و هاوبەشیکردنی ئاوی کۆڵییەوە. هاوکات، باسمان لەو بێ متمانەییە کرد کە خەڵك لە بەرامبەر دامودەزگە و دەسەڵاتداراندا هەیانە، یان ئەو بێ متمانەییەی کە لە نێوان خودی کۆمەڵانی خەڵکدا هەیە، لەگەڵ ئەو سەرپێچییانەی کە دەکرێن، وەک دانانی پەمپی ئاوی نایاسایی (مزەخە). کۆبوونەوە و گفتوگۆکان رێگەیان بە لایەنە پەیوەندیدارە جیاوازەکان دا بۆچوون و خاڵی جێی بایەخی خۆیان تاوتوێ بکەن و لە کۆتاییدا بگەنە رێککەوتنێک بۆ هاوبەشیکردنی ئاو.
بەسرە
لە بەسرە، کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بوونەتە هۆی ئاوارەبوون و کۆچکردن. لەدەستدانی بژێوی، زیادبوونی کێبڕکێ لەسەر سەرچاوە کەمەکان و زیادبوونی گوشار لەسەر خزمەتگوزارییەکان بەهۆی کۆچی نێوخۆیی و ئاوارەبوونەوە، لەگەڵ لاوازیی توانای حکومەت، نزمیی ئاستی متمانە بە دەسەڵاتداران و نەبوونی میکانیزمی چارەسەرکردنی ململانێ، بووە هۆی دروستبوونی ناکۆکی لەنێوان ئاوارەکان و خەڵکی خانەخوێ لە زوبێر (گەڕەکی فیزا). بەو پێیەش، گفتوگۆ بۆ چارەسەرکردنی ململانێکان بوو لەسەر سەرچاوەکان، جیاوازیی دابونەریتی خێڵەکی/کولتووری و میکانیزمەکانی چارەسەرکردنی ململانێ.
کەلار
لە کەلار، کە ناوچەیەکە لە باکووری رۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان و گرژی و ململانێی درێژخایەنی تێدایە، چەندین گوند رووبەڕووی کەمئاوییەکی سەخت بوونەتەوە. بۆ ساڵانێک، ناکۆکی لەسەر کەمبوونەوەی سەرچاوەکانی ئاو، سەرپێچی لە بەکارهێنانی ئاو و پێشێلکاری لە دابەشکردنی بەشەئاو بەدرێژایی کەناڵی ئاویی باڵاجۆ، دوژمنایەتییەکانی قووڵتر کردووەتەوە و بووەتە هۆی زیادبوونی ناکۆکی و بێمتمانەیی. نەبوونی ئاو وایکردووە خەڵک ماڵەکانیان بەجێبهێڵن. گۆڕانی کەشوهەوا بووەتە هۆی زیادبوونی شەپۆلەکانی گەرما و کەمبوونەوەی بارانبارین، کە ئەمەش زیاتر بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ئاو. بۆیە، پێویستیی کەمکردنەوەی گرژییەکان و زیادکردنی هاوئاهەنگی لەنێوان گوندەکانی سەر کەناڵی ئاویی باڵاجۆ، پەلەی زیاتری لێ دەکرێت. پرۆسەی گفتوگۆەکە تیشکی خستە سەر کەمکردنەوەی گرژییەکان و زیادکردنی هاوئاهەنگی لەنێوان گوندەکانی سەر کەناڵی ئاویی باڵاجۆ.
تەلەعفەر
لە تەلەعفەر، گۆڕانی کەشوهەوا ئاڵنگارییەکانی پەیوەست بە سەرچاوەکانی ئاوی زیاتر کردووە. لە گفتوگۆیەکەدا تیشک خرایە سەر ئەو گوشارە رۆژ لەدوای رۆژ زیاترەی لەسەر ئەم سەرچاوانە هەیە، لەگەڵ نەبوونی رێککەوتنی دابەشکردنی دادپەروەرانە و بەڕێوەبردنی کارای سەرچاوەکان. سنوورداریی متمانە بە دەسەڵاتە خۆجێیەکان و لاوازیی توانای حکومەت، بارودۆخەکەی ئاڵۆزتر کردووە. گفتوگۆیەکە بەتایبەتی تیشکی خستە سەر رێگریکردن لە ململانێ، بە ئامانجی دەستنیشانکردن و کەمکردنەوەی ئەو ململانێ شاراوانەی کە لە ئەنجامی تێکەڵبوونی گۆڕانی کەشوهەوا، بیری ئاوی نایاسایی (کە بۆ خۆگونجاندن بەکاردێن) و قۆرخکردنی سەرچاوەکانی ئاوەوە سەر هەڵدەدەن.
ئەم بەشە چوار قۆناخ دەخاتەڕوو بۆ ئەوەی بە رابەرایەتیی خەڵکی خۆجێیی و بە لەخۆگرتنی گشت چین و توێژ و لایەنەکان چارەسەری بەردەوام و ماییندە (شیاوی مانەوە) بۆ ململانێ پەیوەستەکان بە کەشوهەوا لەسەر ئاستی ناوخۆیی عێراق بەدەستبهێنرێن. ئامانج لێی پێشکەشکردنی تێڕوانینی بیردۆزانە و دیدگای کردارییە لەسەر بابەتەکە، کە هەڵقوڵاوی کار و چالاکییەکانی ئێمەن لە بواری گفتوگۆ و نێوەندگیری لە کەلار (سلێمانی)، حەویجە (کەرکووک)، زوبێر (بەسرە) و تەلەعفەر (نەینەوا)، هەروەها لە چاوپێکەوتن لەگەڵ ئاسانکارانی گفتوگۆ و نێوەندگیرانی عێراقی وەرگیراون.
چوار قۆناخ بۆ گەیشتن بە چارەسەری بەردەوام، بە رابەرایەتیی کۆمەڵگە و گشتگیر بۆ ململانێ پەیوەستەکان بە کەشوهەوا لەسەر ئاستی ناوخۆیی:
قۆناغی یەکەم: بنەما و داڕشتنی چەمکی
ئەم بەشە بە پێناسەکردنی گفتوگۆی پەیوەست بە کەشوهەوا و نێوەندگیریی پەیوەست بە کەشوهەوا دەستپێدەکات، هەروەها هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە دەکات کە کەی ئەم شێوازانە بۆ چارەسەرکردنی ململانێ گونجاوترینن. پاشان باس لەوە دەکات کە چۆن بە باشترین شێوە نیگەرانییەکانی ژینگە و کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا تێکەڵ بە پرۆسەکانی گفتوگۆ و نێوەندگیری بکرێن. دواتر گفتوگۆ دەکات لە بارەی چۆنیەتیی دیاریکردنی چوارچێوە و ئاستی مامەڵەکردن لەگەڵ مەترسییەکانی ئاسایشی کەشوهەوا بە شێوەیەکی کاریگەر. لە کۆتاییدا، لێکۆڵینەوە لەوە دەکات کە چۆن دەکرێت گفتوگۆ و نێوەندگیری لەسەر ئاستی ناوخۆیی ببەسترێنەوە بە شێوازە فراوانترەکانی ئاشتیسازی و کاروباری کەشوهەوا لەسەر ئاستە جیاوازەکان
پێناسەکردنی قۆناغە جیاوازەکانی ململانێ، گفتوگۆ و شێوازەکانی نێوەندگیری
ئێمە لە ژیانی رۆژانەماندا رووبەڕووی ململانێ دەبینەوە. ململانێ بریتییە لە پێکدادانی نێوان بیرۆکە یان بەرژەوەندییە دژبەیەکەکان لەگەڵ کەسێکی دیکە، یان لەنێوان دوو کەس یان زیاتر، گرووپەکان یان دەوڵەتەکان کە بەدوای ئامانجی ناتەبادا دەگەڕێن. هەبوونی هەڵوێستی دژبەیەک لە خۆیدا شتێکی نەرێنی نییە؛ بەڵکو دەکرێت ببێتە پاڵنەرێکی گرنگ بۆ گۆڕانکاری[1]. بە واتایەکی دیکە، کێشەکە خودی ململانێکە نییە، بەڵکو شێوازی مامەڵەکردنمانە لەگەڵیدا. بۆ ئەوەی بە ئامرازی گونجاو بۆ گۆڕینی ململانێ مامەڵەی لەگەڵدا بکەین، گرنگە لەوە تێبگەین کە تەشەنەسەندنی ململانێ بە چەند قۆناغێکی جیاوازدا تێدەپەڕێت.
لە قۆناغە سەرەتاییەکانی تەشەنەسەندنی ململانێدا، بە شێوەیەکی گشتی، گفتوگۆ وەک ئامرازێک بۆ گۆڕین و چارەسەرکردنی ململانێ بەکاردەهێنرێت. لەم قۆناغەدا، گفتوگۆ دەتوانێت پرۆسەی فێربوون و پێداچوونەوە بە تێگەیشتنەکان ئاسان بکات. لایەنەکان دەتوانن لە ئەزموونی یەکدییەوە فێربن و تێڕوانینی نوێ لەبارەی ململانێکەوە بەدەستبهێنن. هەروەها گفتوگۆ دەتوانێت ببێتە هۆی گۆڕانکاری لە رەفتاردا، کاتێک لایەنەکان دەستدەکەن بە بینینی کاریگەریی کردارەکانیان لەسەر ئەوانی دیکە و کۆمەڵگە بەگشتی. هەروەها دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە شێوازی بیرکردنەوە و هەڵوێستدا، چونکە لایەنەکان هاوسۆزی و تێگەیشتنی زیاتریان بۆ دیدگاکانی یەکدی لەلا دروست دەبێت. جگە لەوەش، لە رێگەی گفتوگۆەوە دەکرێت پشتیوانی لە گۆڕینی تێڕوانینەکان بەرامبەر لایەنەکانی دیکە بکرێت. ئەمەش رەنگە بریتیبێت لە بەرەنگاربوونەوەی گریمانە و وێنە سواوەکانی رابردوو و بینینی لایەنەکانی دیکە وەک هاوتاگەلێک کە خاوەنی ئەزموون و دیدگای رەوان، هەروەها تێگەیشتن لەو کێشە بنەڕەتییانەی کە هۆکارن بۆ ململانێکە. لە کۆتاییدا، گفتوگۆ دەتوانێت بوار بۆ گۆڕانکاریی سیستەماتیک و رێکخراو دروست بکات. ئەمەش پەیوەستە بە چارەسەرکردنی هۆکارە ریشەییەکانی ململانێکە. رەنگە بریتیبێت لە گۆڕانکاری لە سیاسەت و پێکهاتەکاندا، دروستکردنی سیستەم و دامەزراوەی گشتگیرتر و دادپەروەرانەتر.
نموونەیەک لەسەر کاریگەرییە ئەرێنیەکانی گفتوگۆ
ئەم نموونەیەی خوارەوە کورتەیەک دەخاتەڕوو کە چۆن گفتوگۆ دەتوانێت ببێتە هۆی گۆڕینی تێڕوانینەکان لەنێوان کۆمەڵگەکان و دەستنیشانکردنی ئاڵنگارییە هاوبەشەکان.
جووتیاران لە پارێزگاکانی زیقار و میسان رووبەڕووی شەپۆلی گەرما و کەمئاویی بەردەوام دەبنەوە، کە بووەتە هۆی پووچبوونی بەروبوومی کشتوکاڵی و لەناوچوونی ئاژەڵەکانیان. زۆر لە جووتیارە گەنجەکان کێڵگەکانیان بەجێدەهێڵن و کۆچ دەکەن بۆ شارە گەورەکانی وەک بەسرە، لەوێش لە نیشینگەی نافەرمیدا نیشتەجێ دەبن، دەستیان بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان یان هەلی کار ناگات و مەترسیی ئەوەیان لەسەرە کە لە کاری ئابووریی نایاسایی یان توندوتیژیدا تێوەبگلێن. ئەم بەشاریبوونە (باژێڕیبوونە) گوشار لەسەر خزمەتگوزارییە خۆجێیەکان دروست دەکات و گرژیی نێوان دانیشتووانی تازە و خەڵکی خانەخوێدا زیاتر دەکات، کە زۆرجار بۆ توندوتیژی پەرەدەسێنێت. حکومەتە خۆجێیەکانیش بەهۆی نزمیی ئاستی متمانە و سنوورداریی میکانیزمەکانی چارەسەرکردنی ململانێ، بە زەحمەت دەتوانن کۆنترۆڵی بکەن.
ئێمە بە گوێگرتن لە پێداویستییەکانی دانیشتووانی تازە و کۆمەڵگە میواندارەکان دەستمانپێکرد. دانیشتنی جیاواز ئەنجامدران کە تێیدا ئەندامانی هەردوو گرووپ توانییان ئەزموون، پێداویستی و سکاڵا و گلەییەکانیان باس بکەن. زوو دەرکەوت کە هەریەکەیان ترس و نیگەرانیی تایبەت بە خۆیان هەیە. کۆمەڵگە میواندارەکان دانیشتووە تازەکانیان بەوە تۆمەتبار دەکرد کە ململانێی هۆزەکی و تاوان بۆ شارەکەیان دەهێنن. دانیشتووە تازەکانیش باسیان لەوە دەکرد کە رووبەڕووی جیاکاری و توندوتیژی دەبنەوە.
وەک هەنگاوی دواتر، ئێمە گفتوگۆمان لەنێوان کۆمەڵانی جیاوازی خەڵکدا لەسەر چەندین بابەتی جۆراوجۆر رێکخست، کە بە شێوەیەکی سەرەکی تیشکی خستە سەر ترس و نیگەرانییە تاکەکەسی و گشتییەکان، بەڵام هاوکات کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و چۆنیەتیی پشتیوانیکردنی دیدگایەکی هاوبەش بۆ ئەم پرسانەش تاوتوێکران. بنەمای ئەم شێوازە لەسەر ئەو گریمانەیە بوو کە گفتوگۆ دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ زاڵبوون بەسەر هەستی رقوکینەدا، تێگەیشتن لە دیدگا جیاوازەکان زیاتر بکات و هانی لەیەک فێربوون بدات. لە رێگەی گفتوگۆیەوە، بوار بە بەشداربووان دەدرێت بۆ ئەوەی بەرەو تێگەیشتنێکی هاوبەش کاربکەن، وێنە سواوەکان (صور نمطية) بشکێنن و پەیوەندیی واتادار دروست بکەن.
ئەم رەوشە لەنێو بەشداربووانی گفتوگۆیەکە لە زوبێریش بەدی دەکرا. لەکاتی گفتوگۆیەکەدا، هەردوو گرووپ دەستیانکرد بە دەستنیشانکردنی پێداویستی و مەترسییە هاوبەشەکانی بژێوییان، وەک نەبوونی خزمەتگوزاری، بێکاری و رفاندنی منداڵان لە قوتابخانە. هەروەها بەشداربووان دانیان بەوەدا نا کە گۆڕانی کەشوهەوا ئاڵنگارییەکی هاوبەشە کە پووچبوونی بەروبوومی کشتوکاڵی و کەمئاوی زیاتر دەکات و پێویستی بۆ کارەبا زیاد دەکات، بەتایبەتی بۆ فێنککەرەوە لە مانگە گەرمەکاندا. لە کۆتاییدا، ژنانی هەردوو کۆمەڵە خەڵکەکە باسیان لە زیادبوونی هەڕەشەی توندوتیژیی لەسەر بنەمای رەگەز کرد و ئاماژەیان بەوەدا کە ئەم زیادبوونەی توندوتیژیە پەیوەندی بە لەدەستدانی بژێوی بەهۆی کەشوهەوا و نەبوونی ئاسۆیەکی روون بۆ داهاتووەوە هەیە.
[وتەی وەرگیراو] لە رێگەی ئەو گفتوگۆیانەوە [کە لەلایەن BF و PPO کراون]، ئێمە ئێستا هەوڵدەدەین رووبەڕووی ئەو رووداوانە ببینەوە کە بەهۆی ئەم گۆڕانکارییە گەورانەی کۆمەڵگەوە دروستبوون، هەر بۆیە گەڕەکی فیزامان وەک نموونەیەک بۆ کۆمەڵگەیەکی فرەچەشن هەڵبژاردووە. ئێمە ئەمە لەسەر بنەمای ئەو گریمانەیە دەکەین کە تێگەیشتن و قبووڵکردنی لایەنی بەرامبەر، کۆڵەکەی سەرەکییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گرژی و ململانێکان.
بەشداربوویەکی گفتوگۆیەکەمان لە زوبێر.
تێکەڵکردنی نیگەرانییەکانی کەشوهەوا و ژینگە لە پرۆسەی گفتوگۆ و نێوەندگیریدا
شێوازێکی یەکگرتوو رێگە دەدات لە یەک کاتدا مامەڵە لەگەڵ پاڵنەر و هۆکارە ریشەییە جیاوازەکانی ململانێ و گرژییەکاندا بکرێت. دەستپێکردنی دانیشتنەکانی گفتوگۆ بە تیشک خستنە سەر کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و نیگەرانییەکانی ژینگە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ بنیاتنانی متمانە لەنێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان و بناغەیەک بۆ گفتوگۆی فراوانتر دابڕێژێت. ئەم قۆناغەی بنیاتنانی متمانە دەتوانێت ببێتە هاوکارێکی کاریگەر و چارەسەری بەردەوام بۆ مەترسییەکانی پەیوەست بە کەشوهەوا، هاوکات رێگە بۆ گفتوگۆی سیاسیی داهاتوو لەسەر پرسەکانی دیکەش دەکاتەوە. بە راوێژکردن لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵک لەبارەی تێڕوانینیان بۆ کاریگەرییەکانی کەشوهەوا، هەوڵەکانی ئاشتیسازی دەتوانن ببنە هۆی دروستبوونی چارەسەری گشتگیر و خۆجێیی بە سوودوەرگرتن لە زانیاریی ناوخۆیی، ئەمەش بناغەیەکی بەهێز بۆ ئاشتیی بەردەوام دادەمەزرێنێت، ئاشتییەک کە کۆمەڵگەکە خۆی خاوەنی بێت و خۆی تێدا بەشدار بێت. ئەم شێوازە ململانێکان دەگۆڕێت و دەیانکاتە دەرفەتێک بۆ ئاشتیسازیی گشتگیر بە رابەرایەتیی خەڵکی خۆجێیی.
لە پاڵ ئەوە، شێوازێکی حوکمڕانیی خۆگونجێنەر دەتوانێت توانای لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ بەڕێوەبردنی مەترسییەکانی کەشوهەوا بەهێز بکات. ئەم جۆرە سیستەمانەی حوکمڕانی، باشتر ئامادەکراون بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ئاڵنگارییە تایبەتانەی کە لە ئەنجامی ململانێی پەیوەست بە کەشوهەواوە دروست دەبن. ئەمەش پێویستی بە هەیکەلیەتێکی بڕیاردانی هەمەگر و شیاوی گۆڕانکاری هەیە کە بتوانێت لە ئاست بارودۆخە گۆڕاوەکان بێت، سەرچاوە جیاوازەکانی زانیاری تێکەڵ لەخۆبگرێت و سیاسەتەکان لەسەر بنەمای تێببینیوەرگرتن و فێربوون بگونجێنن. هەروەها بە واتای بەشدارپێکردنی کۆمەڵگە خۆجێیەکان، پەرەپێدانی هاوکاری لەنێوان کەرت و ئاستە جیاوازەکان و بنیاتنانی دامەزراوەگەلێک دێت کە بتوانن لەگەڵ پێودانکی (دینامیک) نوێی کەشوهەوا و ئاسایشدا گەشە بکەن. لە رێگەی چارەسەرکردنی کەلێنەکانی هاوئاهەنگی و نزمیی ئاستی متمانە لەنێوان دەسەڵاتداران و کۆمەڵانی خەڵکدا، دەکرێت وەڵامدانەوەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا بەهێزتر بکرێن و دڵنیایی بدرێت کە هەم کاریگەرن و هەم بەردەوامن.
نموونەیەک لەسەر شێوازێکی یەکگرتوو
ئەمەی خوارەوە نموونەیەک لە شێوازێکی یەکگرتوو دەخاتەڕوو کە نیگەرانییەکانی کەشوهەوا و ژینگە دەخاتە نێو پڕۆسەی گفتوگۆ و نێوەندگیری، بەمەش پەیوەندییەکانی نێو کۆمەڵگە باشتر دەکات و کۆتایی بە سەرپێچی و زێدەڕۆیی دەهێنێت.
لە حەویجە، گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەریی نەرێنی لەسەر بەردەستبوونی ئاو هەبووە. گفتوگۆیەکە تیشکی خستە سەر ئەو گوشارە زیادەی لەسەر سەرچاوەکانی ئاو دروست بووە، هەروەها لە نەبوونی رێککەوتنی دادپەروەرانە و هاوسەنگ بۆ بەڕێوەبردن، دابەشکردن و هاوبەشیکردنی ئاوی کۆڵییەوە. هاوکات، باسمان لەو بێمتمانەییە کرد کە خەڵك لە بەرامبەر دامودەزگە و دەسەڵاتداراندا هەیانە، یان ئەو بێمتمانەییەی کە لە نێوان خودی کۆمەڵانی خەڵکدا هەیە، لەگەڵ ئەو سەرپێچییانەی کە دەکرێن، وەک دانانی پەمپی ئاوی نایاسایی (مزەخە).
یەکەم هەنگاوی پرۆسەی گفتوگۆکە تیشکی خستە سەر باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان گوندە بەشداربووەکان. لە رێگەی کۆبوونەوە سەرەتاییەکانەوە، متمانە لەنێوان کۆمەڵگەکاندا بنیاتنرایەوە، بێ ئەوەی هێشتا تیشک بخرێتە سەر چارەسەرەکان. دانیشتنەکان بوونە هۆی گۆڕانکاری لە رەفتاردا، چونکە ئەوانەی کاری نایاساییان دەکرد، دەستیانکرد بە بینینی کاریگەریی کردارەکانیان لەسەر ئەوانی دیکە کە دوورتر لە سەرچاوەی ئاوەکە دەژین. بە هاندانی ئەم بەشداربووانە بۆ پەرەپێدانی هاوسۆزیی زیاتر بۆ ئەوانی دیکە، نێوەندگیر/رێکخەری کۆبوونەوە و گفتوگۆکان توانی رەزامەندییان بۆ بەردەوامبوونی پرۆسەکە بەدەستبهێنێت.
پاشان دانیشتنی زیاتر ئەنجامدرا بۆ بیرکردنەوە و داڕشتنی چارەسەر، بە وەرگرتنی رای شارەزایانی تەکنیکی و رێکخەرەکە. لەو بارودۆخانەی کە بەشداربووان هێشتا ناتوانن چارەسەر بۆ کێشەیەکی دیاریکراو پێشکێش بکەن، خستنەڕووی زانیاریی زیاتر و بژاردەی زیاتر بۆ لەبەرچاوگرتن، دەکرێت یارمەتیدەر بێت. لەگەڵ باشتربوونی پەیوەندییەکان، داڕشتنی ئامانجێکی هاوبەش سوودبەخش بوو بۆ بەردەوامبوونی پرۆسەکە. توانادارکردنی بەشداربووان بۆ دۆزینەوەی چارەسەری خۆیان، کاریگەرتر دەرکەوت لەوەی تەنیا یەک چارەسەر پێشکێش بکرێت. بۆیە، کۆتاییهێنان بە زێدەڕۆیی لەنێوان گوندەکاندا، کە دەبێتە هۆی دابەشکردنی نادادپەروەرانەی ئاو، وەک ئامانجێکی هاوبەش بۆ پرۆسەکە دیاریکرا. ئەمەش بووە کارئاسانی بۆ بەشداربوونی لایەنە جیاجیاکانی پرسەکە کە تێیدا چارەسەرێکی هاوبەش پەسەند کرا.
دواتر ئەو دەسەڵاتە خۆجێیانەی کە ئامادەبوون رووبەڕووی سەرپێچییەکان ببنەوە و هاوکاریی کۆمەڵگەکان بکەن، هاتنە نێو پرۆسەکەوە. وەک ئاماژەیەک بۆ ئامادەییان بۆ رێکەوتنێکی هاوبەشی دابەشکردنی ئاو، دەسەڵاتە خۆجێیەکان هەڵمەتێکیان بۆ نەهێشتنی سەرپێچییەکانی بەکارهێنانی نایاسایی ئاوی کەناڵی ئاودێری و پاراستنی سەرچاوە ئاوییە خۆجێیەکان دەستپێکرد. ئەمەش لە بەرامبەردا، یارمەتیدەر بوو بۆ بنیاتنانی متمانە لەنێوان کۆمەڵگەکان و دامودەزگە و دەسەڵاتە خۆجێیەکان.
ئەم شێوازە یەکگرتووە دەریدەخات کە چۆن بنیاتنانی متمانە و کرداری پراکتیکی لەسەر پرسەکانی ژینگە و کەشوهەوا، یەکدی بەهێز دەکەن. بەبێ هەنگاوە سەرەتاییەکانی بنیاتنانی متمانە لەنێوان کۆمەڵگەکان وەک بەشێک لە پرۆسەکە، ئەستەم بوو بە هاوبەشی چارەسەرێک دا بنرێت و پێشکەشی دەسەڵاتە خۆجێیەکان بکرێت. لە بەرامبەریشدا، هەوڵەکانی دەسەڵاتە خۆجێیەکان بۆ نەهێشتنی سەرپێچییەکان، بووە هۆی بنیاتنانی متمانەی زیاتر و رێگەی بۆ چارەسەری داهێنەرانەتری کەمئاوی کە کۆمەڵگەکان رووبەڕووی دەبوونەوە، خۆشکرد.
دیاریکردنی مەودا و ئاستی گونجاو بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ مەترسییەکانی ئاسایشی کەشوهەوا
مەترسییەکانی ئاسایشی کەشوهەوا بریتین لە کارلێکی نێوان کاریگەرییەکانی کەشوهەوا و دۆخی ئاسایش و ئاشتی. پێودانکە (داینامیکە )کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابوورییەکان دۆخی ئاشتی و ئاسایش دیاریدەکەن. لە ئەنجامدا، ئەو مەودا و ئاستەی کە دەکرێت تێیاندا مامەڵە لەگەڵ ئەم مەترسییانە بکرێت، بەپێی هەر دۆخێک دەگۆڕێت.
بژاردەی جیاواز هەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ململانێ لە رەهەندی جیاوازەوە، وەک سیاسی، کۆمەڵایەتی، یاسایی و تێکەڵەیەک لەوانە:
- روانگەی کۆمەڵایەتی تیشک دەخاتە سەر چارەسەرکردنی پەیوەندیی نێوان کەسەکان، یەکڕیزیی کۆمەڵگە و تێگەیشتنی هاوبەش لەنێوان لایەنەکاندا.
- روانگەی سیاسی بریتییە لە کارکردن لەگەڵ دەسەڵاتە خۆجێی و هەرێمییەکان یان لایەنە سیاسییەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی حوکمڕانی یان دابەشکردنی سەرچاوەکان.
- روانگەی یاسایی لەسەر بنەمای یاسا یان رێککەوتنەکان لەبارەی مافی سەرچاوەکان و خاوەندارێتیی زەوی، جەخت لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکان دەکاتەوە.
بە هەمان شێوە، دەکرێت کارکردن لە چەندین ئاستدا ئەنجام بدرێت: لە ئاستی زۆر خۆجێییەوە، وەک گەڕەک یان گوند، تا دەگاتە ئاستی قەزا یان پارێزگاکان و ئاستی نیشتمانی یان فیدراڵی. لە رووی گۆڕینی ململانێوە، زۆرجار سوودبەخش دەبێت ئەگەر کارکردن لەسەر ئاستێک، پێکەوە لەگەڵ گفتوگۆی ئاستەکانی دیکە تەواو بکرێت، چونکە ئەمانە دەتوانن یەکدی بەهێز بکەن و ببنە هۆی ئەنجامی بەردەوامتر و دامەزراو لەسەر بنەمای زانیاری. بەکارهێنانی ئەم شێوازە جیاوازانە، یارمەتیدەرە بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە پرۆسەکان لەسەر ئاست و قەبارەی گونجاو مامەڵە لەگەڵ مەترسییەکانی ئاسایشی کەشوهەوا دەکەن. گونجاندنی پرۆسەکە بەو شێوەیە دڵنیایی دەدات کە دەستوەردان و رێکارەکان گشتگیر و بەردەوامن، ئەمەش دەرفەتەکانی گۆڕینی ململانێ بە شێوەیەکی واتادار زیاتر دەکات.
بەستنەوەی گفتوگۆ خۆجێییەکان بە شێوازەکانی دیکەی گفتوگۆ و کاری کەشوهەوا لەسەر ئاستە جیاوازەکان
شێوازی فرە دەروازە بریتییە لە بەستنەوەی گفتوگۆکان یان کاری نێوەندگیریی خۆجێیی بە پرۆسە فراوانترەکان و کاری کەشوهەوا لەسەر ئاستی نیشتمانی و نێودەوڵەتی. لەم شێوازەدا، ئاستە جیاوازەکانی کۆمەڵگە لەبەرچاو دەگیرێن، کە زۆرجار بە دەروازە ناودەبرێن:
- دەروازەی ١: سەرکردایەتیی باڵا (سیاسەتمەدارانی ئاستی باڵا، بەرپرسانی حکومی)
- دەروازەی ٢: سەرکردایەتیی ئاستی ناوەند (سەرکردە کۆمەڵایەتییەکان، رێکخراوە ناحکومییەکان، شارەزایان)
- دەروازەی ٣: سەرکردایەتیی جەماوەر (خەڵکی خۆجێیی، گرووپەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی)
ئاگادارکردنەوەی لایەنە حکومییە پەیوەندیدارەکان لەسەر ئاستی نیشتمانی لە گفتوگۆیە کۆمەڵایەتییەکاندا، یارمەتیدەرە بۆ گونجاندنی کارە خۆجێیەکان لەگەڵ سیاسەت و ستراتیژییە نیشتمانییەکان. ئەم لایەنە پەیوەندیدارانە دەتوانن رێنوێنی، سەرچاوە و پشتیوانی پێشکەش بەو دەستپێشخەرانە بکەن کە خەڵکی نێو کۆمەڵگە خۆجێییەکان رابەرایەتییان دەکەن. کەلێنەکانی نێوان واقیعی کۆمەڵگە خۆجێیەکان و بڕیاربەدەستان دەکرێت ببێنە رێگر لەبەردەم سەرکەوتنی کاروباری کەشوهەوا. چارەسەرکردنی ئەم کەلێنانە بۆ فراوانکردنی چارەسەرە خۆجێیەکان، باشترکردنی هاوئاهەنگی و دڵنیابوونەوە لەوەی کە ئەو کارانەی لە هەموو ئاستەکاندا دەکرێن پێکەوە بەستراون و یەکتری بەهێز دەکەن، زۆر گرنگە. بەستنەوەی گفتوگۆ خۆجێییەکان بە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە، قیمەتی زیاتر بە کارەکە دەدات، لە رێگەی سوودوەرگرتن لە شارەزایی، سەرچاوە و باشترین تەکنیکەکان کە ئەو رێکخراوە نێودەوڵەتییانە هەیانە. رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەتوانن هاوکاریی تەکنیکی، پارەدارکردن و پشتیوانیی تواناسازی پێشکەش بکەن و یارمەتیدەر بن لە بەرزکردنەوەی هۆشیاری لەسەر کێشە خۆجێیەکان لەسەر سەکۆ جیهانییەکان.
شێوازی کرداری بۆ بەدەستهێنانی بەستنەوە
هەرچەندە پێکەوەبەستنەوەی ئەم ئاستانە زۆرجار زەحمەتە ، بەڵام هەندێک شێوازی کرداری بۆ بەدەستهێنانی ئەم بەستنەوەیە لە خوارەوە خراونەتەڕوو:
- خستنەڕووی کاریگەرییەکانی کەشوهەوا لەسەر کۆمەڵگە خۆجێییەکان وەک بەشێک لە وێنە گەورەکانی وەک ئاسایشی نیشتمانی، ستراتیژییەکانی خۆگونجاندن یان سەقامگیریی ئابووری، دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە نیگەرانییە خۆجێییەکان لەگەڵ بەرژەوەندییە نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکاندا دەگونجێن. لەگەڵ ئەوەشدا، بەستنەوەی ئەم پرسانە بە بابەتە هەستیارەکانی وەک ئاسایشی نیشتمانییەوە دەکرێت زەحمەت بێت و پێویستی بە مامەڵەیەکی ورد هەیە.
- بە نیشاندانی ئەوەی کە چۆن بیرۆکە و تێڕوانینەکان لەسەر ئاستی خۆجێیی رۆڵیان لە ئامانجە نیشتمانییەکانی کەشوهەوادا هەیە، ئەگەری ئەوە زیاتر دەبێت کە لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئاستی باڵاتر بەشداری بکەن و پابەندیی سیاسی بۆ پشتیوانیکردنی کاری خۆجێیی دروست نیشان بدەن.
- دڵنیابوونەوە لە پێکهاتەیەکی دیمۆگرافیی گشتگیر و نوێنەرایەتیی لایەنە سیاسییە جیاجیاکان، رێگەخۆشکەر دەبێت بۆ هاوسەنگی کە گرنگیی بابەتەکە بۆ لایەنە پەیوەندیدارە نیشتمانییەکان زیاد دەکات و بەشدارییکردن ئاسان دەکات.
- زۆرجار پێویستە کەلێنەکانی نێوان ئاستی خۆجێیی کۆمەڵگە و دامودەزگە حکومییەکان پڕبکرێنەوە. کۆکردنەوەی دامودەزگە حکومییەکان لە مێزی گفتوگۆی فرە ئاستدا و پێشکەشکردنی چارەسەری کاریگەر لە ئاستی خۆجێییەوە، وەک بانگهێشتکردنی لایەنە پەیوەندیدارە خۆجێیەکان یان خستنەڕووی تێڕوانینی گفتوگۆ خۆجێییەکان، دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ پڕکردنەوەی کەلێنەکە. ئەم هەوڵانە یارمەتیدەرن بۆ هۆشیارکردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئاستی نیشتمانی لە گرنگیی ئەو چارەسەرانەی کە تاک و لایەنەکان لە بڕیاردان لەسەری بەشدارن و لەسەر ئاستی خۆجێیی دادەنرێت، هەروەها دەتوانن یارمەتیدەر بن لە پڕکردنەوەی کەلێنی نێوان داڕشتنی سیاسەت و جێبەجێکردنی لەسەر ئەرزی واقیع.
- بەشداریپێکردنی نێوەندگیرە متمانەپێکراوەکان، وەک سەرکردە خۆجێیەکان یان رێکخراوە ناحکومییەکان، دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ پڕکردنەوەی ئەم کەلێنانە لە رێگەی گەیاندنی نیگەرانییەکان بە نوێنەرایەتیی خەڵکی خۆجێی لەنێو گفتوگۆی ئاستی باڵاتر و پشتگیریکردن لە زیادکردنی شێوازە سەرکەوتووەکانی کارکردن لە دۆخی دیکەدا.
- بەشداریپێکردنی ئاستە جیاوازەکان لە دانانی راسپاردەکان بۆ سیاسەتداڕشتن و بڕیاردان لە رێگەی هەوڵی هاوئاهەنگەوە، پشتیوانی لە گۆڕینەوەی باشترین پراکتیک و چیرۆکە سەرکەوتووەکان دەکات و یارمەتیدەرە بۆ پڕکردنەوەی کەلێنەکانی نێوان سیاسەتی نیشتمانی و جێبەجێکردنی لەسەر ئاستی خۆجێیی، بۆ ئەوەی ستراتیژییە نیشتمانییەکانی ئاسایشی کەشوهەوا لەسەر بنەمای واقیع و ئاڵنگارییە خۆجێییەکان بن و بۆ وەڵامدانەوەیان گونجاو بن.
- هەندێکجار،رەنگە سوودبەخش بێت کە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان راستەوخۆ بەشداریان پێ بکرێت یان لە پشت پەردەوە رۆڵی خۆیان بگێڕن: بەشداریپێکردنی راستەوخۆی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەتوانێت سوودبەخش بێت، لە حاڵەتێکدا ئەگەر ئامادەبوونیان متمانەی زیاتر ببەخشێت یان دەرگا بۆ دەستکەوتنی سەرچاوەی زیاتر بکاتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، لە گفتوگۆ هەستیارەکان یان ئەوانەی پشت بە متمانە دەبەستن، رەنگە باشتر بێت لە رۆڵێکی پشت پەردەییدا بمێننەوە کە تێیدا پشتیوانی پێشکەش بکەن بەبێ ئەوەی راستەوخۆ بەشدار بن، ئەمەش بۆ پاراستنی نهێنی و متمانەی خۆجێیی. سەرباری ئەوەش، ئاستی ئەو لایەنانەی لە گفتوگۆدا بەشدارن، دەتوانێت کاریگەری لەسەر حەزی رێکخراوەکان بۆ بەشداریکردن هەبێت؛ هەندێکیان رەنگە رۆڵی سنوورداری وەک راوێژکار یان پشتیوانکاریان پێ باشتر بێت، نەک وەک بەشداربووی راستەوخۆ. گونجاندنی بەشدارییان بەپێی پێداویستی و ئاسوودەیی بەشداربووە خۆجێیەکان، دڵنیایی دەدات کە بەشدارییە نێودەوڵەتییەکان هەم کاریگەرن و هەم لەگەڵ دۆخەکەدا گونجاون.
- لەو بارودۆخانەدا کە رەنگە بەشداربووان دوودڵ بن لە قسەکردنی ئاشکرا لەبەردەم بەرپرسانی ئاستی باڵاتر، رێکخەران دەتوانن شێوازی وەک کۆبوونەوەی داخراو، شاردنەوەی ناسنامە یان گفتوگۆی گرووپی بچووکتر بەکاربهێنن. ئەمە رێگە دەدات بێ ترسان لە لێکەوتەکان، دەنگە خۆجێیەکان ببیسترێن، بەمەش راستگۆیی تێڕوانینەکانی کۆمەڵگە پارێزراو دەبێت.
- رێکخستنی مێزگردی ئاست باڵاتر و لە هەمان کاتدا هەبوونی گفتوگۆی تەکنیکی و کۆبوونەوەی نافەرمی لە ئاستە جیاوازەکاندا، جێبەجێکردنی هەوڵەکانی هاوئاهەنگی و چارەسەرەکان باشتر دەکات.
باشترین پراکتیک
لە زوبێر، بەسرە، نوێنەرانی حکومەتی خۆجێیی و نیشتمانیی پەیوەندیدار، لەو پەیمانە کۆمەڵایەتییەی کە وەک دەرەنجامی گفتوگۆکەیاندا پێی گەیشتن، بەشداربوون. بەشداریکردنیان یارمەتیدەر بوو بۆ گونجاندنی کارە خۆجێیەکان لەگەڵ ئەولەویەتە نیشتمانییەکان. وەک رێکخەرەکەی گفتوگۆی زوبێر ئاماژەی پێدا: "بەشداریپێکردنی نوێنەرانی حکومەتی نیشتمانی کلیلی سەرکەوتنمان بوو. دڵنیایی دا کە کارە خۆجێییەکانمان لەگەڵ سیاسەتە نیشتمانییەکاندا گونجاون و پشتیوانیی پێویستمان هەیە."
ئاسۆی گەشەسەندووی سیاسەتی کەشوهەوا لە عێراق، تێڕوانینی بەنرخمان پێدەدات لەسەر ئەوەی کە چۆن چوارچێوە نیشتمانییەکان دەتوانن ببنە بنەمایەک بۆ گفتوگۆی فراوانتر و کاری هاوئاهەنگیی کەشوهەوا لەسەر ئاستە جیاوازەکان. کارنامەی "هەنگاوە نیشتمانییەکانی عێراق پەیوەست بە بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا" (مساهمات المحددة وطنيا للعراق بشأن تغير المناخ) (NDCs) ، لەگەڵ کاغەزی سەوزی دواتردا، رەنگدانەوەی پابەندییەکی رۆژ لەدوای رۆژ زیاترە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ مەترسییەکانی کەشوهەوا و کەمکردنەوەی دەرهاویشتەکانی، بەگوێرەی ئامانجە نێودەوڵەتییەکان. ئەم ستراتیژییانە ئاراستەی گرنگ بۆ سیاسەتەکان دادەنێن، لەوانە رێکخستنی لێدانی بیر، هاندانی سیستەمی باشی ئاودێری و سنووردانان بۆ بەکارهێنانی ئاو.
کاغەزی سەوز کە لەلایەن وەزارەتی ژینگەوە بە هاوکاریی دامەزراوە نیشتمانییەکانی دیکە و بە پشتیوانیی هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان داڕێژراوە، هەنگاوێکی گرنگە لە خستنەڕووی دیدگای درێژخایەنی عێراق بۆ کەشوهەوا. ئەولەوییەتە ستراتیژییەکانی خۆگونجاندن و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکان دیاریدەکات و بنەمایەک بۆ داڕشتنی سیاسەت و پلاندانانی وەبەرهێنانی داهاتوو دادەنێت.
هاوکات پرۆسەکە گرنگیی زیاتر بەهێزکردنی پەیوەندیی نێوان ستراتیژییەکانی ئاستی نیشتمانی و پێداویستی، دیدگا و دیالۆگەکانی ئاستی خۆجێیی دەردەخات. دەرفەتێک هەیە بۆ قووڵکردنەوەی رەهەندەکانی جێبەجێکردن، بەهێزکردنی هاوئاهەنگی لەنێوان وەزارەتەکان و دروستکردنی رێڕەوی روونتر بۆ بەشداریی کۆمەڵگە خۆجێییەکان. بنیاتنانی میکانیزمی حوکمڕانیی گشتگیر، تۆکمەکردنی ئەرکی دامودەزگەکان و دڵنیابوونەوە لە سەرچاوەی دارایی بەردەوام، دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە گۆڕینی پابەندییە نیشتمانییەکانی کەشوهەوا بۆ کاری خۆجێیی سەرکەوتوو و کاریگەر.
قۆناغی دووەم: ئامادەکاری
لە قۆناغی دووەمدا، بناغەی پرۆسەی گفتوگۆ یان نێوەندگیری دادەنرێت. ئەم بەشە بە لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتیی هەڵبژاردنی شوێنێک بۆ پرۆسەکە و دانانی خشتەیەکی کاتی بۆ کاری گفتوگۆ یان نێوەندگیری دەستپێدەکات. پاشان، باس لە هەنگاوەکانی پێکهێنانی تیمی رێکخەرەکان دەکات. دوای ئەوە، باس لە دەستنیشانکردنی بەشداربووان و ستراتیژییەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ بەشداربوونی لایەنی سێیەم دەکات. لە کۆتاییدا، باس لە داڕشتنی کارنامەیەک دەکا.
هەڵبژاردنی شوێن و دروستکردنی خشتەیەکی کاتی
بەپێی شوێنە دیاریکراوەکە و بەشداربووان، گفتوگۆکان دەتوانن لە شوێنی جیاوازدا ئەنجام بدرێن کە بەپێی بارودۆخ و ستانداردە خۆجێیەکان دیاریدەکرێن. پێویستە شوێنەکە سەلامەت و ئارام بێت و هەموو بەشداربووان بتوانن بە ئاسانی پێی بگەن. شوێنی کۆبوونەوەکە دەبێت لە ناوچەیەکدا بێت کە هیچ لایەنێک هەست نەکات لە دۆخێکی لاواز یان مەترسیداردایە. ئەگەرچی هەڵبژاردنی ئەو شوێنانەی کە کاریگەرییەکانی کێشەی ئاسایشی کەشوهەوا راستەوخۆ لەسەریان دیارن دەتوانێت گرنگی و هەستیاری زیاتر بە بابەتەکە بدات و گفتوگۆکە بخاتە نێو ئەزموونێکی هەستپێکراوەوە، بەڵام ئەگەر بەشداربووان بهێنرێنە شوێنێکی بێلایەنیش، دەکرێت سوودی هەبێت. ئەم دوورییە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ دروستکردنی بوارێک بۆ بیرکردنەوە و رێگە بە بەشداربووان بدات زیاتر تیشک بخەنە سەر خودی گفتوگۆکە. لە کاتی هەڵبژاردنی شوێنێک و ئامادەکاریدا، گرنگە دڵنیابینەوە کە ئەم مەرجانەی خوارەوە جێبەجێکراون:
- بەشداربووان بتوانن راستەوخۆ سەیری چاوی یەکدی بکەن.
- بەشداربووان بتوانن بە ئاسانی گوێیان لە یەکدی بێت.
- هیچ جیاکارییەکی پلەبەندی لە شێوازی دانیشتنەکەدا نەبێت. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، رەنگە هەندێ جار پێویست بێت رەچاوی پرۆتۆکۆل بکرێت لە کاتی کارکردن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئاستی باڵاتر، بەتایبەتی ئەگەر پێشوەختە هەندێ داواکاری و مەرجیان بۆ بەشداریکردنی خۆیان دیاریکردبێت.
بە شێوەیەکی گشتی، شێوازی دانیشتنU-، نیوە-بازنە یان کۆنفرانس باشترە.
کاتی گفتوگۆکان و ژمارەی دووبارەبوونەوەیان دەبێت بە وریاییەوە پلانی بۆ دابنرێت بۆ ئەوەی لەگەڵ خشتەی کاری بەشداربوواندا بگونجێت و بەربەستەکانی بەردەم بەشداریکردن کەم بکاتەوە. زۆرجار باشترە کە دانیشتنەکان بە شێوەیەکی رێکخراو ئەنجام بدرێن بۆ دڵنیابوونەوە لە بەشداریی بەردەوام. لەگەڵ ئەوەشدا، بەپێی گرنگیی ئەو پرسانەی کە باس دەکرێن، دەکرێت چەندێتیی دووبارەبوونەوەیان دەستکاری بکرێت و بگونجێنرێت. هەبوونی توانای گۆڕان و گونجاندن گرنگە، چونکە کێشەکانی پەیوەست بە کەشوهەوا دەتوانن بە خێرایی گەشە بکەن، کە لە کاتی قەیرانەکاندا پێویستی بە کۆبوونەوەی زیاتر دەکات. هەروەها هەبوونی کاتی پێویست لە نێوان دانیشتنەکاندا بۆ ئەوەی بەشداربووان بیربکەنەوە، راوێژ لەگەڵ کۆمەڵگەکانیان بکەن و کارە رێکەوتن لەسەر کراوەکان جێبەجێ بکەن، زۆر گرنگە.
یەکێک لەو وانە گرنگانەی فێریانبووین بریتییە لە گرنگیی گونجاندنی کاتی دانیشتنەکان لەگەڵ خشتەی کاری بەشداربووان و پابەندییەکانیان. سەرەتا، دانیشتنەکانی گفتوگۆ لە زوبێر لە کاتژمێر 9:00ی بەیانی تا 2:00ی پاشنیوەڕۆ دانرابوون، بەڵام ئەمە لەگەڵ پابەندی و کاری رۆژانەی بەشداربوواندا نەدەگونجا و رێگری لە ئامادەبوونیان دەکرد. بە داننان بەم کێشەیەدا، کاتەکەمان دەستکاری کرد بۆ ئەوەی دانیشتنەکان لەدوای کاتژمێر 4:00ی پاشنیوەڕۆ دەستپێبکەن: "گواستنەوەی دانیشتنەکان بۆ دوای کاتی کارکردن و هەڵبژاردنی شوێنی ئاشنا، کلیلی دڵنیابوونەوە بوو لە رێژەی بەرزی بەشداریکردن. ئەمە ئاسانکاریی کرد بۆ ئەندامانی کۆمەڵگە، کە ئامادەبن و بەشداری لە پرۆسەی گفتوگۆکەدا بکەن."
وانەیەکی دیکەی گرنگ کە فێریبووین ئەوەیە کە، کاتی پێویست لە نێوان دانیشتنەکاندا هەبێت بۆ ئەوەی بەشداربووان زانیارییەکان هەرس بکەن و لەگەڵ هاوپیشەکانیاندا بەدواداچوونی بۆ بکەن بۆ ئەوەی زیاتر خۆیان بە خاوەنی پرسەکە بزانن. سەرەتا، هەستی گشتی لە زوبێر ئەوە بوو کە هەوڵەکان بۆ دروستکردنی گۆڕانکاری بێسوودن و هیچ شتێک باش نابێت. لە رێگەی پرۆسەیەکی بنیاتنانی متمانە و بەشداریی بەردەوامەوە، وا دیارە ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە لە گۆڕاندایە. دانیشتووان ئێستا باوەڕیان وایە کە لە پێگەیەکدان بتوانن گۆڕانکاری دروست بکەن و لە هەڵوێستێکی نەرێنییەوە گۆڕاون بۆ گەڕانی چالاکانە بەدوای رێگەچارەدا بۆ باشکردنی دۆخیان و بەرەوپێشچوون لەسەر ئەو رێککەوتنانەی کە واژۆیان کردووە. بە تایبەتی، گەنجان چالاکانە لەگەڵ هاوپیشەکانیان لە گەڕەکەکانی دیکە گفتوگۆ دەکەن لەسەر رێککەوتنەکە و زیاتر خۆیان بە خاوەنی دەزانن. ئەمە گرنگیی هەبوونی کاتی پێویست لە نێوان دانیشتنەکاندا دەردەخات بۆ ئەوەی بەشداربووان زانیارییەکان هەرس بکەن و کۆبوونەوەی زیاتر لەگەڵ هاوپیشەکانیاندا ئەنجام بدەن، کە دەرکەوتووە بۆ پەرەپێدانی بەشداری و خۆبەخاوەنزانین زۆر گرنگە.
لەبەرچاوگرتنی ئەو شارەزاییە سەرەکییانەی کە رێکخەرێک پێویستی پێیەتی
رێکخەران یارمەتی گرووپ دەدەن بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی کاریگەر دانوستاندن لەگەڵ یەک بکەن و تێگەیشتنی هاوبەشیان باشتر بکەن. لە کاتێکدا بەشداربووانی گفتوگۆ یان نێوەندگیری بەرپرسن لە نێوەڕۆک و ئەنجامی پرۆسەکە، ئەرکی رێکخەرەکەیە کە دڵنیابێتەوە لەوەی پرۆسەکە دادپەروەرانە و بنیاتنەرانە دەمێنێتەوە. باشترە هەندێ رێکخەر هەڵببژێردرێن کە زانیاریی باشیان لەسەر دۆخەکە هەبێت. لەگەڵ ئەوەشدا، رەنگە بەشداریپێکردنی رێکخەرانی دەرەکی، سوودی هەبێت، چونکە دەتوانن دیدگای نوێ بخەنەڕوو. بۆ گفتوگۆ و دەستپێشخەرییەکانی نێوەندگیریی پەیوەست بە کەشوهەوا بە تایبەتی، بە هەمان شێوە گرنگە کە شارەزایانێک هەبن کە زانیاریی تەکنیکییان لەسەر گرنگترین کێشەکانی گۆڕانی کەشوهەوا هەبێت و پشتیوانیی پرۆسەکان بکەن. تەنانەت ئەگەر راستەوخۆ لە کۆبوونەوەکانی گفتوگۆ یان نێوەندگیریدا ئامادە نەبن، شارەزایانی کەشوهەوا دەتوانن لە رێگەی زانیارییە قووڵەکانیانەوە لەسەر رێککەوتنەکانی کەشوهەوا و پرۆسەکانی گفتوگۆ، پشتیوانیی بایەخدار پێشکەش بکەن. ئەوەی کە ئایا ئامادەبوونیان سوودبەخشە یان نا، پشت بە چەند هۆکارێک دەبەستێت، لەوانە ئاڵۆزیی ئەو پرسانەی کە باس دەکرێن، ئاستی وردەکاریی تەکنیکیی پێویست و هەستیاریی ژینگەی گفتوگۆکە. لەو حاڵەتانەی کە وردەکاریی تەکنیکیی ورد بۆ دەستکەوتنی ئەنجام زۆر گرنگە، وەک گفتوگۆ لەسەر بەڕێوەبردنی سەرچاوەکان یان ستراتیژییەکانی خۆگونجاندن، باشترە شارەزایانی کەشوهەوا ئامادەبن بۆ ئەوەی راستەوخۆ تێڕوانینەکانیان پێشکێش بکەن. لەگەڵ ئەوەشدا، لە دۆخە هەستیارترەکاندا، کە رەنگە ئامادەبوونی شارەزایانی دەرەکی رێگر بێت لە قسە و دانوستاندنی راشکاو و کراوە، شارەزایان دەتوانن پێشوەختە رێنوێنی پێشکەش بکەن یان راوێژ لەگەڵ رێکخەران بکەن پێش، لە نێوان و دوای دانیشتنەکان. ئەزموونی ئێمە نیشانی دەدات کە لە حاڵەتە هەستیارەکاندا، واتە لەو دۆخانەی کە بەشداربووان هەستیارییان بەرامبەر درکاندنی بیروڕاکانیان لە بەردەم کەسانی دەرەکی دا هەیە، بەشداریپێکردنی ناڕاستەوخۆی شارەزایانی کەشوهەوا یارمەتیدەرە بۆ بەدەستهێنانی هاوسەنگییەک لە نێوان بەدەستهێنانی شارەزایی و زانیاریی پێویست، فەراهەمکردنی بژاردەکان بۆ چارەسەر و هێشتنەوەی بوارێکی ئاسوودە بۆ بەشداربووان بۆ دەربڕینی ئازادانەی بیروڕاکانیان.
لەکاتێکدا هەبوونی تیمێکی رێکخەر دەکرێت سوودبەخش بێت، بەڵام مەرجیش نییە هەمیشە بەو شێوەیە بێت. ئەو شارەزایی و پێداویستییە سەرەکییانەی کە رێکخەرێک یان تیمێک دەبێت هەیانبێت لە خوارەوە خراونەتەڕوو:
- فرەلایەنی:وەرگرتنی دیدگا دژبەیەکەکان لە چارەسەرێکی ئاشتیانەی ململانێدا پێویستی بەوەیە کە هەموو لایەنەکان بە یەکسانی گوێیان لێبگیرێت و لەبەرچاو بگیرێن. زیاتر لە بێلایەنی، ئێمە بە کراوەییەوە مامەڵە لەگەڵ هەموو لایەنەکان دەکەین و هەوڵدەدەین لە بەرژەوەندی و پاڵنەرە بنەڕەتییەکانیان تێبگەین.
- ئامرازەکانی رێکخستن و بەڕێوەبردن:هەندێک ئامرازی رێکخستن و بەڕێوەبردنی کۆبوونەوە و گفتوگۆ هەیە، وەک گوێگرتنی چالاکانە، دووبارە داڕشتنەوە و کورتکردنەوە، پشتیوانی لە رێکخەران دەکەن لە دروستکردنی بوارێکی سەلامەت بۆ دیالۆگ، یارمەتیدانی بەشداربووان بۆ دەربڕینی رای خۆیان، تێگەیشتن لە ئەوانی دیکە و دۆزینەوەی خاڵی هاوبەش. ئەم شێوازانە دەتوانن یارمەتیدەر بن لە بەڕێوەبردنی گرژییەکان و رێنوێنیکردنی پرۆسەی نێوەندگیری و گفتوگۆ بەرەو ئەنجامی هاوبەش (بۆ رێنوێنیی زیاتر سەیری ئامرازەکانی رێکخستنی نێو ئەم رێبەرە بکە).
- هۆشیاریی تیم:کارکردن لە تیمە تێکەڵەکانی رێکخستندا، کە نێوەندگیرانی ناوخۆیی و دەرەکی، شارەزایانی کەشوهەوا و کارمەندانی پشتیوانی لەخۆدەگرێت بۆ چاودێریکردنی کارەکانی گرووپ و ئاسانکاریکردنی قسەکردن لەگەڵ تاکەکەکان لە دەرەوەی دانیشتنەکانی گفتوگۆ، دەتوانێت بە شێوەیەکی کاریگەر ئاسانکاری بۆ گفتوگۆ بکات و نێوەندگیری لە رێککەوتنەکانی نێوان لایەنەکانی ململانێدا بکات. کارکردنی هاوبەشانەی رێکخەرەکان بە ئاگاداربوون لە خاڵە بەهێز و لاوازەکانی یەکدی، تیمێکی بەهێز و کاریگەر دروست دەکا.
رێکخەرێکی باش دەبێت بێلایەنی و رێز بپارێزێت و بە کراوەیی و یەکسانییەوە مامەڵە لەگەڵ هەموو بەشداربوویەک بکات. دەبێت بە وریاییەوە کارەکانی گرووپەکەی بەڕێوەببات، وەک نەهێشتنی نایەکسانی لە گفتوگۆکاندا، بۆ ئەوەی تیشک لەسەر چارەسەرەکان بمێنێتەوە. رێکخەرانی سەرکەوتوو و کاریگەر، چالاکانە گوێ دەگرن و پرسیاری بەردەوام دەکەن بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی دیدگا جیاوازەکان دەبیسترێن، بەمەش نیشانی دەدەن کە بیروڕای هەموو بەشداربوویەک بەنرخە. ئەم شێوازە متمانە دروست دەکات و هانی بەشداریی چالاکانە لە هەموو لایەنەکانەوە دەدات
گوتەی یەکێک لە رێکخەرەکان
بانگهێشتکردنی بەشداربووان و مامەڵەکردن لەگەڵ لایەنی سێیەم
کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لە عێراقدا لەسەر چین و توێژە جیاجیاکانی دانیشتووان یەکسان نین. لاوازیی لە بەردەم ئەم کاریگەرییانەدا، لە چینێکەوە بۆ یەکێکی دیکە، بە شێوەیەکی بەرچاو دەگۆڕێت، بەپێی فاکتەرەکانی وەک تەمەن، رەگەز، کەمئەندامی و باری ئابووری و کۆمەڵایەتی، کە هەم ئاڵنگاری و هەم دەرفەت بۆ خۆڕاگری و گۆڕانکاریی کۆمەڵگە دروست دەکات. لەبەرچاوگرتنی لاوازییە دیاریکراوەکان گرنگە بۆ دڵنیابوونەوە لە نوێنەرایەتیکردنی واتادار و شێوازێکی گشتگیر بۆ کاری گفتوگۆ و نێوەندگیری. گشتگیری و بەشداریکردن لە هەوڵەکانی ئاشتیسازیدا زۆر گرنگن، چونکە یارمەتیدەرن بۆ چارەسەرکردنی گلەییە کۆمەڵایەتییەکانی پەراوێزخستن، هەروەها هەستی خۆ بە خاوەن زانین و بەرپرسیارێتی زیاد دەکەن، بەمەش بەردەوامیی و ماییندەیی چارەسەرەکان بەهێزتر دەکەن.
داننان بە لاوازییەکان و چارەسەرکردنیان دەتوانێت ببێتە پاڵنەرێک بۆ گۆڕانکاریی ئەرێنی لەناو کۆمەڵگەکاندا. لە رێگەی دەستنیشانکردن و ئامانجگرتنی پێداویستی و لاوازییە تایبەتەکانی گرووپە جیاوازەکان و سوودوەرگرتن لە توانا و زانیارییە جیاوازەکانیان، کۆمەڵگەکان دەتوانن ستراتیژیی خۆگونجاندنی گشتگیرتر و کاریگەرتر پەرەپێبدەن. ئەم پرۆسەیە نەک تەنها خۆڕاگری دروست دەکات، بەڵکو یەکڕیزیی کۆمەڵایەتیش بەهێز دەکات. لاوازییەکانی خوارەوە بنەمایەک بۆ تێگەیشتن لە چۆنیەتیی کارکردن بە شێوازێکی یەکتربڕ و دڵنیابوونەوە لە گشتگیری و بەشداریی بەمانا دابین دەکەن:
لاوازییەکانی تایبەت بە رەگەز
ژنان رووبەڕووی لاوازیی زیاتر دەبنەوە بەهۆی نایەکسانی لە دەستگەیشتن بە سەرچاوەکان، رۆڵە رەگەزییە باوەکان (تەقلیدییەکان) و دەسەڵاتی سنوورداری بڕیاردان. بۆ نموونە، ژنان زۆرجار بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا، بە شێوەیەکی ناهاوسەنگ زیانیان بەردەکەوێت، بەتایبەتی ئەگەر بژێوییان بە کشتوکاڵ و رۆڵەکانی نێوماڵەوە بەسترابێتەوە. ئەو ئاستەنگە ئابووریانەی لە ئەنجامی کەشوهەواوە سەرهەڵدەدەن، دەتوانن ببنە هۆی زیادبوونی توندوتیژیی خێزانی، کە مەترسیی لەسەر ژنان زیاتر دەکات. سەرباری ئەوەش، ئاوارەبوونی پەیوەندیدار بە کەشوهەوا بە شێوەیەکی یەکجار زیاتر کاریگەری لەسەر ژنان هەیە تا پیاوان، چونکە سەقامگیرییان تێکدەدات و لە بابەتی پاکوخاوێنی و سەلامەتیی دەروونی و جەستەییدا زەحمەتی و ئاڵنگارییان بۆ دروست دەکات. لە لایەکی دیکەوە، رەنگە پیاوان رووبەڕووی زیادبوونی سەربازگەری و ململانێ ببنەوە، ئەمش وەک ئەنجامێکی راستەوخۆی کەمیی سەرچاوەکان و زیادبوونی گوشارە ئابوورییەکان. توانادارکردنی ژنان لە بڕیارداندا، پەرەپێدانی دەستگەیشتنیان بە سەرچاوەکان و دابینکردنی ئەو پێداویستییانەی تایبەتن بە رەگەزیانەوە، لە ستراتیژییەکانی خۆگونجاندندا زۆر گرنگن. بەشێک لەمە بریتییە لە دڵنیابوونەوە لەوەی دەنگی ژنان لە حوکمڕانیی خۆجێی و پلاندانانی خۆڕاگریی کەشوهەوادا ببیسترێت، هەروەها پێشکەشکردنی پشتیوانیی تایبەت بۆ ئەو دەستپێشخەریانەی تایبەتن بە ژنان و خۆگونجاندن و خۆڕاگریی کۆمەڵگە بەهێز دەکەن. جگە لەوەش، توێژەرانی بواری جێندەر بۆیان دەرکەوتووە کە (نا)یەکسانیی نێوان ژن و پیاو لە نزیکەوە بە ناسەقامگیری و ململانێوە بەستراوەتەوە: یەکێتیی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی سروشت (International Union for Conservation of Nature) نیشانیداوە کە ئەو وڵاتانەی رێژەی بەرزی نایەکسانیی نێوان ژن و پیاویان هەیە، زیاتر ئەگەری رووبەڕووبوونەوەی ناسەقامگیری، ململانێ و لاوازیی زیاتریان هەیە بەرامبەر کێشەکانی کەشوهەوا. بۆیە کێشەکانی نایەکسانیی نێوان ژن و پیاو رۆڵێکی سەرەکییان هەیە لە داڕشتنی سیاسەتی کاریگەردا بۆ خۆگونجاندن، کەمکردنەوەی کاریگەرییەکان و چارەسەرکردنی ململانێ.
لاوازییەکانی گەنجان و بژێوی
گەنجان لە کۆمەڵگە کشتوکاڵییەکاندا بە تایبەتی لە مەترسیی لەدەستدانی بژێوییاندان بەهۆی کاریگەرییەکانی کەشوهەوا، چونکە زۆرجار لەو کەرتانەدا کاردەکەن کە زۆر هەستیارن بە گۆڕانکارییە ژینگەییەکان، وەک کشتوکاڵ و کرێکاریی نافەرمی. ئەم گوشارە ئابوورییانە، لەگەڵ نەبوونی دەرفەتی جێگرەوەی پێویستدا، دەتوانن ببنە هۆی زیادبوونی کۆچ و ئاوارەبوون، چونکە گەنجان بەدوای بەدەستهێنانی سەقامگیری و بژێوی گونجاودا لە شوێنی دیکە دەگەڕێن. ئەم گۆڕانکارییە دیمۆگرافییە دەتوانێت پێکهاتەکانی کۆمەڵگە لاواز بکات و ببێتە هۆی لەدەستدانی میراتی کولتووری و یەکڕیزیی کۆمەڵایەتی. بۆ کەمکردنەوەی ئەم مەترسییانە، رەخساندنی هەلی کار، بەهێزکردنی سیستەمی پەروەردە و بەهێزکردنی رۆڵی گەنجان گەنجان لە هەوڵەکانی خۆگونجاندنی کەشوهەوا و بنیاتنانی خۆڕاگریدا، زۆر گرنگە. بەشداریی گەنجان نەک تەنها یارمەتیدەرە لە سوودوەرگرتن لە توانای شاراوەی داهێنەرانەیان، بەڵکو دڵنیایی لە بەردەوامیی درێژخایەنی کارەکانی کەشوهەواش دەدات.
چینە پەراوێزخراوەکان
چینە پەراوێزخراوەکان، لەوانە کەمینە نەتەوەییەکان و کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت، زۆرجار رووبەڕووی پەراوێزخستن و جیاکاری دەبنەوە، کە ئەمەش لاوازییان بەرامبەر گۆڕانی کەشوهەوا زیاد دەکات. ئەم توێژانە رەنگە توانای دەستکەوتنی سەرچاوە، زانیاری و سیستەمی پشتیوانیی پێویست بۆ وەڵامدانەوەی ئاڵنگارییەکانی کەشوهەوایان کەمتر بێت. زۆر گرنگە کە پێداویستییە تایبەتەکانیان فەراهەم بکرێن و چالاکانە لە هەوڵەکانی خۆگونجاندن دا بەشدار بکرێن. ستراتیژییە گشتگیرەکان کە ئەولەوییەت دەدەن بە یەکسانی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، دەتوانن یارمەتیدەر بن لە کەمکردنەوەی لاوازی و پەرەپێدانی خۆڕاگری لەنێو دانیشتووانە زۆر زیانلێکەوتووەکاندا.
لەکاتی هەڵبژاردنی بەشداربووان بۆ دیالۆگێکی گشتگیر، زۆر گرنگە کە ئەم لاوازییانە لەبەرچاو بگیرێن و کۆمەڵێک لایەنی پەیوەندیداری جۆراوجۆر بەشدار بکرێن، لەوانە نوێنەرانی کۆمەڵگە خۆجێیەکان، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، سەرکردە خێڵەکی و ئایینییەکان، و دامودەزگە حکومییەکان. دڵنیابوونەوە لە هەبوونی نوێنەرایەتیی واتاداری ژنان، گەنجان و دانیشتووانە لاوازەکان، گشتگیری، بەردەوامی و شەرعییەتی چارەسەرەکان زیاد دەکات.
هەروەها بە هەمان شێوە گرنگە کە لایەنە کاریگەرەکان بەشدار بکرێن و لایەنەکانی هاوئاهەنگیکردن (جهات التنسيق) دابنرێن بۆ ئاسانکاریکردنی پەیوەندی و هاوئاهەنگی.
- کەسانی خاوەن کاریگەری، رۆڵێکی گرنگیان هەیە لە سەرکەوتنی پرۆسەکانی گفتوگۆدا. کەسانی خاوەن کاریگەریی سەرەکی، دەسەڵاتی فەرمییان هەیە و دەتوانن بڕیار بدەن، لە کاتێکدا کەسانی خاوەن کاریگەریی دووەمی، سەرەڕای نەبوونی پۆستی فەرمی، کاریگەرییەکی بەرچاویان لەناو کۆمەڵگەکانیاندا هەیە. بەشدارپێکردنی هەردوو جۆری کەسانی خاوەن کاریگەری، یارمەتیدەرە بۆ دڵنیابوونەوە لە قبووڵکردن و جێبەجێکردنی فراوانتری ئەنجامەکانی گفتوگۆ1. دەبێت بە وریایی و وردی مامەڵە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارە خاوەن کاریگەرییەکاندا بکرێت چونکە زۆرجار لە بەرامبەر ئیمتیاز و پێگەی خۆیاندا هەستیارن. بۆیە گرنگە کە بارودۆخێک دروست بکرێت کە نەتوانرێت دەسەڵاتیان بۆ دەستکەوتی کەسی و تایبەت بەکاربهێنرێت.
- لایەنەکانی هاوئاهەنگی (جهات التنسيق) پشتیوانی لە پەیوەندیی و دانوستاندنی نێوان رێکخەرانی گفتوگۆ و کۆمەڵگەکانیان دەکەن. یارمەتیدەرن لە بنیاتنانی متمانە، ئاسانکردنی پەیوەندی و دڵنیابوونەوە لەوەی کە هەموو دەنگەکان نوێنەرایەتی دەکرێن. دانانی لایەنی هاوئاهەنگی بۆ چینە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان دەتوانێت گشتگیری و کاریگەریی پرۆسەی گفتوگۆ زیاد بکات.
- دانانی نەخشەیەک بۆ دیاریکردنی لایەنە پەیوەندیدارەکان رەنگە زۆر گرنگ بێت بۆ دەستنیشانکردنی کەسانی خاوەن کاریگەریی سەرەکی و دووەمی و لایەنەکانی هاوئاهەنگی.
نمونەیەک لە پڕۆژەکەمان
وەک بەشێک لە ئامادەکاریی گفتوگۆی راوێژکاری لە زوبێر، بەسرە، رێکخەرەکە نوێنەرە سەرەکییەکانی کۆمەڵگەی دەستنیشانکرد کە دەیانتوانی خاڵی دەستپێک بۆ کۆمەڵگە بە شێوەیەکی فراوانتر دابین بکەن. ئەوان لایەنی هاوئاهەنگییان بۆ چینە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان دانا، وەک ژنان، پیاوان و گەنجان، بۆ دڵنیابوونەوە لە هەڵبژاردن و نوێنەرایەتیی گونجاو. لە وۆرکشۆپێکی پێداچوونەوەدا، رێکخەرەکە جەختی کردەوە: "هەڵبژاردنی بەشداربووان دەبێت لەسەر بنەمای کۆمەڵێک پێوەر بێت کە لەگەڵ دۆخی کۆمەڵگەکەدا گونجێندراون. بەشدارپێکردنی لایەنە خاوەن کاریگەرییە سەرەکییەکان دڵنیایی دەدات کە پرۆسەی گفتوگۆکە لەسەر بنەمای واقیعە خۆجێیەکان بەڕێوە دەچێت."
لە حەویجە، کەرکووک، رێکخەرەکە رووبەڕووی داواکارییەکی قورس بووەوە لەلایەن یەکێک لە لایەنە پەیوەندیدارە سەرەکییەکانەوە لەبارەی رێکخستنە لۆجستییەکانی شوێنی گفتوگۆکە. بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە، رێکخەرەکە پشتی بە پشتیوانیی لایەنە خاوەن کاریگەرییەکانی دیکە بەست بۆ نێوەندگیریی داواکارییەکە و چارەسەرکردنی چاوەڕوانییەکانی دەسەڵاتە خۆجێیەکان. رێکخەرەکە گوتی: "شەفافیەت و پەیوەندیی راستەوخۆ بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ داواکارییەکانی لایەنە پەیوەندیدارە سەرەکییەکان زۆر گرنگ بوون. هەروەها پشتم بە کەسانی خاوەن کاریگەری بەست بۆ نێوەندگیری و گوشارکردن لەسەر لایەنە پەیوەندیدارە سەرەکییەکان بۆ سازشکردن، کە کاتێکی زۆری ویست بەڵام کاریگەر بوو."
لە تەلەعفەر، نەینەوا، بەشداریپێکردنی سەرکردە ئایینییەکان لە دانیشتنەکاندا زۆر گرنگ بوو. ئەم سەرکردانە کێشەکانی گفتوگۆیان لە گوتاری هەینیدا ورووژاند، کە بە شێوەیەکی بەرچاو کاریگەری لەسەر بەشداری و پشتیوانیی کۆمەڵگەکە هەبوو. وەک رێکخەرەکەی تەلەعفەر روونیکردەوە: "بەشداریپێکردنی سەرکردە ئایینییەکان گرنگ بوو چونکە کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر کۆمەڵگە هەیە. پشتگیریکردنیان لە پرۆسەی دیالۆگەکە لەکاتی گوتاری هەینیدا یارمەتیدەر بوو بۆ شەرعیەتدان و پەرەپێدانی گفتوگۆکە."
داڕشتنی کارنامە
گفتوگۆ و نێوەندگیرییەکان بە دەگمەن تاک تاک دەردەکەون، بەڵکو بەشێکن لە پرۆسەیەکی درێژخایەن کە دەکرێت چەندین هەفتە، مانگ یان تەنانەت زیاتریش بخایەنن، بەپێی بابەتەکە و ئاستی ململانێکە. ئەرکی رێکخەر ئەوەیە کە کاتی پێویست لەناو هەر دانیشتنێک و لە نێوان دانیشتنەکاندا تەرخان بکات بۆ رێنوێنیکردنی بەشداربووان لە قۆناغە جیاوازەکانی پرۆسەکەدا.
دانانی کارنامەیەک بۆ دانیشتنەکانی دیالۆگ پێویستی بە پلاندانانی ورد هەیە، بە لەبەرچاوگرتنی هەم پێداویستییەکانی بەشداربووان و هەم سروشتی ململانێکە. ئاسانکار کارنامە بۆ هەر دانیشتنێکی تاکەکەسی، هەروەها بۆ پرۆسە گشتییەکە دادەڕێژێت. بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە ئەولەوییەتەکانی بەشداربووان رەنگدەدەنەوە، زۆر گرنگە کە لە رێگەی پرۆسەیەکی راوێژکارییەوە لە دانانی کارنامەکەدا بەشدار بکرێن و فیدباک و بیروڕایان وەربگیرێت. ستراتیژیی جیاواز هەن بۆ داڕشتنی کارنامەیەک:
- شێوازی قۆناغ بە قۆناغ، بە دەستپێکردن لەگەڵ کێشە کەمتر ناکۆکی لەسەرەکان، دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ بنیاتنانی متمانە و گڕوتین. دەستپێکردن بەو بابەتانەی کە دەکرێت لانیکەم رێککەوتنی بەشەکییان (اتفاق جزئي) لەسەر بکرێت، کەشێکی ئەرێنی دروست دەکات و زەمینە بۆ بەشداریی قووڵتر لەسەر کێشە ئاڵۆزترەکان خۆش دەکات. بۆ نموونە، لە گفتوگۆیەکی پەیوەست بە گۆڕانی کەشوهەوا، رێکخەرەکە رەنگە بە بابەتە کەمتر ناکۆکی لەسەرەکانی وەک گرنگیی پاراستنی ژینگەی خۆجێی یان سوودەکانی سیستەمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە بۆ کارەساتە سروشتییەکان دەستپێبکات.
- چارەسەرکردنی ئاڵۆزترین کێشەکان لە سەرەتاوە هەندێکجار پێویستە، بەتایبەتی ئەگەر بەشداربووان هەستی توندیان بەرامبەر ئەم کێشانە هەبێت یان رەتیبکەنەوە بەشداربن ئەگەر ناکۆکترین بابەت لە سەرەتاوە باس نەکرێت. بۆ نموونە، لە پرۆسەیەکدا کە کۆمەڵگە کشتوکاڵییەکان لەخۆدەگرێت، رەنگە جووتیاران زۆرترین نیگەرانییان لەبارەی کاریگەریی دەستبەجێی وشکەساڵییەوە لەسەر بژێوییان هەبێت. ئەگەر ئەم بابەتە لە سەرەتاوە نەوروژێنرێت، رەنگە ئامادە نەبن لەبارەی ستراتیژییەکانی خۆگونجاندنی کەشوهەواوە بەشداری لە گفتوگۆکاندا بکەن.
تێگەیشتنێکی قووڵ لە دۆخەکە پێویستە بۆ دیاریکردنی ئەوەی کە کام شێواز بۆ هەر دۆخێک گونجاوترینە. لەکاتێکدا پلاندانانی ورد زۆر گرنگە، بە هەمان شێوە گرنگە کە شیاوی ئەوە بێت لە هەر کاتێکدا دەستکاری بکرێت و بگۆڕدرێت، بەتایبەتی لەو بارودۆخانەی کە رەنگە بەشداربووان کاردانەوەی توندیان بەرامبەر کێشەیەک هەبێت یان تێبینی بدەن کە پێویستی بە دەستکاریکردنی کارنامەکە هەبێت. قۆناغەکانی خوارەوە دەتوانن ببنە رێنوێنییەک بۆ رێکخەر لە داڕشتنی دانیشتنە تاکەکەسییەکان و پرۆسە گشتییەکەشدا:
یەکترناسین/ روونکردنەوەی کێشەکە
لەم قۆناغەدا، رێکخەر بە هاوبەشی لەگەڵ بەشداربوواندا یاسا بنەڕەتییەکانی دانوستاندنی رێزدارانە دادەنێت. پاشان هانی بەشداربووان دەدرێت کە دیدگا و پێداویستییەکانیان بخەنەڕوو. بۆ نموونە، لە گفتوگۆیەکی پەیوەست بە گۆڕانی کەشوهەوا و کێشە ژینگەییەکاندا، رەنگە بەشداربووان نیگەرانییەکانیان لەبارەی چۆنیەتیی کاریگەریی کەمبوونەوەی سەرچاوەکانی ئاو لەسەر بژێوییان دەرببڕن. بۆ یارمەتیدان لە رێکخستنی گفتوگۆکە، دەکرێت ئامرازەکانی ئاسانکاری وەک کورتکردنەوەی گوتەکان و بە وێنە نیشاندانی کێشەکان (بۆ نموونە، بەکارهێنانی نەخشە بۆ دیاریکردنی سەرچاوەکانی ئاو یان ناوچە زیانلێکەوتووەکان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا) بەکاربهێنرێن.
قووڵکردنەوەی تێگەیشتن و هاوبەشیکردنی دیدگاکان
رەهەندێکی سەرەکیی ئەم قۆناغە داننانە بە هەست، نیگەرانی، ترس و پێداویستییە بنەڕەتییەکانی هەموو لایەنەکان و چارەسەرکردنیانە. لایەنی هەست و سۆز زۆرجار رۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە چۆنیەتیی مامەڵەکردنی خەڵک لەگەڵ یەکدی و کێشەکاندا، بۆیە تێگەیشتن لەم نیگەرانییە قووڵترانە دەتوانێت هاوسۆزی و متمانە دروست بکات. بۆ نموونە، لە گفتوگۆیەکی پەیوەست بە کەمئاوییدا، بەشداربووان دەتوانن سەردانێکی مەیدانی بۆ ئەو ناوچانە بکەن کە زۆرترین زیانیان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە بەرکەوتووە بۆ ئەوەی ببینن چۆن کاریگەری لەسەر بژێویی کۆمەڵگەکان هەیە. رێکخەر دەتوانێت ئامرازی وەک پرسیاری کراوە و بازنەیی، داڕشتنەوەی قسەکان و دووبارەکردنەوەیان بەکاربهێنێت بۆ یارمەتیدانی بەشداربووان لە بیرکردنەوە لە دیدگای خۆیان و ئەوانی دیکە.
گفتوگۆکردن و هەڵسەنگاندنی بژاردەکان
لەم قۆناغەدا، سەرنجەکە دەگۆڕێت بۆ بەدەستهێنانی چارەسەر، بە جەختکردنەوە لەسەر فەراهەمکردنی بوارێکی کراوە بۆ بیرکردنەوە و گەڵاڵەکردنی بیرۆکەکان (عصف الذهني). لەم قۆناغەدا، زۆر گرنگە کە زوو بژاردەکان هەڵنەسەنگێنرێن، چونکە ئامانج هاندانی بیرکردنەوەی داهێنەرانە و دروستکردنی کۆمەڵێک جێگرەوەی فراوانە. بۆ نموونە، لە پرۆسەکانی نێوەندگیری و گفتوگۆی پەیوەست بە کەمئاوییدا، بەشداربووان رەنگە بیر لە جێگرەوەکانی وەک سیستەمی ئاودێریی سەردەمیانە، پلانی خۆگونجاندن و میکانیزمی سکاڵاکردن بکەنەوە و گەڵاڵەی بیرۆکەکانی بۆ بکەن. ئامرازەکانی رێخستن وەک بیرکردنەوە و گەڵاڵەکردنی بیرۆکە و رێنوێنیکردنی بەشداربووان بۆ گەڕان بەدوای جێگرەوەکاندا بەبێ هەڵسەنگاندنی بەپەلە و دەستبەجێ، کلیلی ئەم قۆناغەن. بیروڕای شارەزایان دەتوانێت بە پێشکەشکردنی بژاردەی زیادە و لەسەر بنەمای زانیاری، یارمەتیی پرۆسەکە بدات.
باسکردن و هەڵسەنگاندنی بژاردەکان
لەم قۆناغەی کۆتاییەدا، سەرنجەکە دەچێتە سەر گفتوگۆکردن و هەڵسەنگاندنی ئەو بژاردانەی کە ئامادەکراون. پێش ئەم گفتوگۆیە، گرنگە لیستێک لە پێوەرەکان ئامادە بکرێت کە یارمەتیدەر دەبن لە هەڵسەنگاندنی کردەییبوون و کاریگەریی چارەسەرە پێشنیازکراوەکان. بۆ نموونە، لە پرۆسەی نێوان جووتیاران و دامودەزگە حکومییە خۆجێیەکاندا، رەنگە گرووپەکە چارەسەرە چاوەڕوانکراوەکان هەڵبسەنگێنێت، وەک ناساندنی ئەو بەروبوومانەی بەرگەی وشکەساڵی دەگرن، گونجاندنی خشتەی چاندن، یان دروستکردنی سیستەمی پاراستنی ئاو. دەکرێت پێوەرەکانی هەڵسەنگاندن هۆکارەکانی وەک تێچوو، ئاسانیی جێبەجێکردن، توانای زیادکردنی ئاسایشی خۆراک و سەقامگیریی ژینگەیی لەخۆبگرن. ئەم هەنگاوە بۆ پوختکردنەوەی جێگرەوەکان بۆ دەستنیشانکردنی گونجاوترین بژاردە زۆر گرنگە، بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە چارەسەرەکان کردەیین و بە شێوەیەکی فراوان لەلایەن بەشداربووانەوە قبووڵکراون.
لە کەلار، سلێمانی، جەخت لەسەر رێزگرتن و گوێگرتنی چالاک کرایەوە بۆ دەستکەوتنی ئەنجام و رەخساندنی بواری دەڕبڕینی ئازاد. دەرفەتی یەکسان بۆ بەشداریکردن هانی هەموو بەشداربووانی دا لە گفتوگۆکاندا بەشدار بن. رێکخەرەکەی کەلار گوتی: "رێزگرتن و گوێگرتنی چالاک بۆ بنیاتنانی متمانە و هاندانی بەشداریکردن زۆر گرنگ بوون. رەخساندنی بواری دەربڕینی هەستەکانیش گرنگ بوو، بەتایبەتی لە حاڵەتە هەستیارەکاندا."
قۆناغی سێیەم: بەڕێوەبردنی پرۆسەی گفتوگۆ و نێوەندگیری
لە قۆناغی سێیەمدا، کۆبوونەوەکانی گفتوگۆ و نێوەندگیری ئەنجام دەدرێن. ئەم بەشە تیشک دەخاتە سەر تەکنیک و شێوازەکانی رێکخستن و بەڕێوەبردنی پرۆسەی گفتوگۆ یان نێوەندگیری و پشتیوانیکردنی کۆمەڵگەکان بە دەستپێشخەریی کردەیی لەسەر ئەرزی واقیع.
لێکۆڵینەوە لە شارەزایی و شێوازە سەرەکییەکانی پەیوەندیکردن و دانوستاندن
ئامراز و تەکنیکەکانی رێکخستن یارمەتیدەرن بۆ دروستکردنی ژینگەیەکی لەبار بۆ گفتوگۆی کراوە و بنیاتنەر. پرۆسەیەکی باش رێکخراو دڵنیایی دەدات کە بەشداربووان هەست بەوە بکەن کە گوێیان لێدەگیرێت، رێزیان لێدەگیرێت و چالاکانە لە چارەسەرکردنی ئاڵنگارییە هاوبەشەکاندا بەشدارن. ئەم بەشە ئامراز و شێوازە سەرەکییەکانی رێکخستن دەخاتەڕوو کە پشتیوانی لە پرۆسەی گفتوگۆ یان نێوەندگیری دەکەن. باس لە شارەزاییە سەرەکییەکانی پەیوەندیکردن و قسەکردن بۆ رێکخەران و ستراتیژییەکانی رێکخستن و رێنوێنیکردنی کاریگەرانەی قسەکردن و مامەڵەکردن دەکات.
رێکخەر یارمەتی لایەنەکان دەدات بۆ ئەوەی باشتر لە یەکدی تێبگەن و گفتوگۆکە لە ئاڵوگۆڕکردنی هەڵوێستەکانەوە دەگوازێتەوە بۆ لێکۆڵینەوە لە نیگەرانی یان پێداویستییە بنەڕەتییەکان.
- کاتێک رێکخەر گوێ دەگرێت و زانیاری یان بیرۆکەکان بە وشەی خۆی دووبارە دەکاتەوە، لە رێگەی دووبارە داڕشتنەوەی قسەکان (إعادة الصياغة) بە شێوازێکی دیکە، دەتوانێت هانی قسەکەر بدات بۆ پێدانی روونکردنەوەی زیاتر یانیش تاوەکو هەست بەوە بکات کە ئەو زانیارییانەی هاوبەشیکردوون، بە باشی وەرگیراون و گوێیان لێ گیراوە.
- لەقاڵبدانەوە (إعادة تأطير) ئامرازێکی بنەڕەتیی دیکەیە بۆ ئاسانکردنی ئەو کشانەی ناکۆکیان لەسەرە. ئەو گوتانەی کە رەنگە پەیامی دوژمنکارانە یان لایەنگرانەیان هەبێت، رێکخەر دەتوانێت بە شێوەیەکی دیکە لە قاڵبیان بداتەوە و بە شێوازێکی دیکە بیانخاتەڕوو بۆ ئەوەی بۆ ئەوانی دیکە قبووڵکراوتر بن.
- هەروەها کاتێک بەشداربووان گوتەی درێژ یان وردەکاریی چڕ و پڕ پێشکەش دەکەن، کورتکردنەوە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ بەدۆکیومێنتکردنی ئەوەی کە پرۆسەکە لە کوێدایە و دڵنیابوونەوە لەوەی کە گفتوگۆکە لەسەر بابەتەکە دەمێنێتەوە.
- پرسیاری کراوە (الأسئلة المفتوحة) هانی بەشداربووان دەدات کە قووڵتر بیر لە پەیامەکانیان بکەنەوە و یارمەتیدەرە بۆ گەیشتن بە کرۆکی داواکاری، ترس یان دیدگای بەشداربووان.
- رێکخەرەکان هەروەها دەتوانن زمانی جەستە بەکاربهێنن بۆ نیشاندانی کراوەیی، هاوسۆزی و پابەندییان بەو بابەتانەی کە ورووژێنراون و گفتوگۆیان لەسەر کراوە.
وەک رێکخەرێک، زۆر گرنگە کە بوار بە دەربڕینی بێزاری و نائومێدی بدەیت. ئەگەر کات بە دەربڕینی ئەم هەستانە نەدەیت، دەتوانن کار لە کارنامەکە بکەن. من بە توندی پابەندی کاتی کارنامەکە نابم ئەگەر ببینم ئەمە پێویستە. هەروەها، لە هەندێک دانیشتندا، رەنگە بەشداربووان بە شێوەیەک دابنیشن کە وا نیشان بدات کۆنترۆڵی دانیشتنەکەیان کردووە. زمانی جەستە دەتوانێت کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر رێکخستنەکە هەبێت. بۆیە، زۆر گرنگە کە رێکخەر زانیاری لەسەر هێز و ئەو کەسانەی کە ئامادەن هەبێت.
ووتەی ڕێکخەرێک
شێوازەکانی رێکخستن ئامرازی رێکخستنی کاریگەرانەی پەیوەندی و دانوستاندنن، لە گفتوگۆی ئازادەوە تا دەگاتە شێوازی رێکخراو. هەڵبژاردنی شێوازەکە پشت بە ئامانج، ئەرک، چوارچێوەی کاتی و دۆخی گفتوگۆکە دەبەستێت، هەروەها قەبارەی گرووپ، نایەکسانیی هێز و لایەنە کردارییەکانی وەک شوێنی کۆبوونەوەکە:
گفتوگۆی ئازاد
بۆ نموونە، گفتوگۆی ئازاد بۆ ئەو گرووپە بچووکانە باشە کە هەڵوەستە لەسەر نیگەرانییەکانی کۆمەڵگە دەکەن، وەک کاریگەریی وشکەساڵی لەسەر بژێوی، چونکە ژینگە نافەرمییەکە هانیان دەدات ئەزموونی تایبەتی خۆیان بە شێوەیەکی کراوە هاوبەش بکەن، لەسەر بابەتێکی فراوان کە کاریگەری لەسەر هەمووان هەیە. مادام بابەتەکە ئەوەندە هەستیار نییە کە رێگر بێت لە بەشداربووان لە داننان بە دیدگای ئەوانی دیکەدا، ئەم جۆرە گفتوگۆیە دەتوانێت بوارێکی هاوبەش دروست بکات کە تێیدا تاکەکان لە رێگەی ئەزموونەکانیانەوە پێکەوە دەبەسترێنەوە و هەست بە هاندانی زیاتر دەکەن بۆ بەشداریکردن.
گفتوگۆی خوول بە خوول
لە دۆخە ئاڵۆزترەکاندا، شێوازی رێکخراوی وەک گفتوگۆی خوول بە خوول (مناقشات دورية) دڵنیایی لە بیستنی هەموو دەنگەکان دەدات. بە رەخساندنی بوار بۆ هەر بەشداربووەک بۆ ئەوەی قسەی خۆی بکات، ئەمە دەتوانێت بە تایبەتی لەو گفتوگۆیانەدا سوودبەخش بێت کە گرژی دروست دەبێت، وەک لە نێوان کۆمەڵگە خانەخوێکان و ئەو خەڵکەی بەهۆی کەشوهەواوە ئاوارە بووە، کە یەکتری بە تێکدانکاری یان توندوتیژی تۆمەتبار دەکەن.
گرووپی بچووکی لاوەکی
بە هەمان شێوە، گرووپی بچووکی لاوەکی (مجموعات فرعية صغيرة) هانی بیرکردنەوە و بیرۆکە گەڵاڵەکردن دەدەن و یارمەتیدەرن بۆ رێگریکردن لەوەی دەنگە زاڵەکان کۆنترۆڵی گفتوگۆکە بکەن، بەمەش قسەکردن بۆ هەندێک کەس ئاسانتر دەکات. ئەم گرووپانە هەروەها رێگە بە لێکۆڵینەوەی قووڵتر و چڕتر لە کێشە ئاڵۆزەکان دەدەن. بۆ نموونە، لە گفتوگۆیەکدا لەبارەی کەمئاوییەوە، گرووپی بچووکتر دەتوانن لێکۆڵینەوە لە چارەسەری دیاریکراو بکەن وەک باشترکردنی سیستەمی ئاودێری یان جێبەجێکردنی تەکنیکی کۆکردنەوەی ئاوی باران. گفتوگۆکردن لەسەر ئەم کێشە ئاڵۆزانە لە گرووپی بچووکی لاوەکیدا دەتوانێت ببێتە هۆی کۆمەڵێک چارەسەری فراوانتر و بەشداریی گشتگیرتر.
توانای گۆڕین و گونجاندن
هەبوونی توانای گۆڕین و گونجاندن رۆڵێکی گرنگ لە رێکخستندا دەگێڕێت و رێگە بە رێکخەران دەدات لە ئاست سروشتی پرۆسەکانی دیالۆگ و نێوەندگیری و گۆڕانکارییەکانیاندا بن. دەکرێت باشتر بێت کە شێوازەکان بە گوێرەی پێداویستی یان تێبینی بەشداربووان بگونجێنرێن. ئەمە رەنگە گونجاندنی ئامراز، شێواز یان کارنامەکانی رێکخستن بەپێی پێویست لەخۆبگرێت بۆ پارێزگاریکردن لە بەشداری و بەدەستهێنانی ئەنجامە خوازراوەکان.
لە زوبێر، بەسرە، کاتێک دانیشتنە سەرەتاییەکان کاریگەر نەبوون، گرووپی لاوەکی بۆ کۆکردنەوەی زانیاریی گرنگ لەبارەی قووڵیی گرژییەکە، پەیوەندییەکانی نێوان کەشوهەوا، ئاوارەبوون و ململانێ و کاریگەرییان لەسەر یەکڕیزیی کۆمەڵایەتی، بەکارهێنران. رێکخەرەکەی زوبێر روونیکردەوە: "دەرکەوت کە گرووپە لاوەکییەکان کاریگەرن بۆ کۆکردنەوەی زانیاری کاتێک شێوازە سەرەتاییەکە کارا نەبوو. هەروەها هەبوونی دوو رێکخەر رێگەی پێداین کەلێنەکانی زانیاریی یەکدی پڕبکەینەوە و گفتوگۆکەشی دەوڵەمەندکرد."
بەستنەوەی کاروباری کەشوهەوا و هەوڵەکانی دیکەی ئاشتیسازی بە پرۆسەکانی گفتوگۆ و نێوەندگیری
بۆ تۆکمەکردنی بەردەوامی و کاریگەریی گفتوگۆکان و هەوڵەکانی نێوەندگیریی پەیوەست بە کەشوهەوا، ئەو دەستپێشخەریانەی کە تێیاندا رەچاوی بە ململانێ دەکرێت و هەڵوەستە لەسەر پێداویستییەکانی کۆمەڵگە دەکرێت، دەتوانن ببنە تەواوکاری پرۆسەکانی گفتوگۆ و نێوەندگیری. ئەم دەستپێشخەرییانە رەنگە لە شێوە و قەبارەدا جیاواز بن، بەپێی پرۆسەی گفتوگۆ و نێوەندگیری و پێداویستییە دەستنیشانکراوەکانی بەشداربووان. لە پرۆسەکاندا، دەرکەوت کە پشتیوانیکردنی پەرەپێدانی چارەسەری کرداری و رێککەوتنی پراکتیکیی پەیوەست بە کەشوهەوا لە رێگەی گفتوگۆی گشتگیرەوە، قبووڵکردن و پابەندبوونی دامودەزگە خۆجێیەکان و کۆمەڵگەکانەوە زیاد دەکات. جگە لەوە، روون بووەوە کە پشتیوانیکردنی جێبەجێکردنی کرداریی چارەسەرە دەستنیشانکراوەکان لە رێککەوتنەکانی پەیوەست بە کەشوهەوادا بە دەستپێشخەریی بچووک، زیاتر بەردەوامی و پابەندبوونی رێککەوتنەکە بەهێز دەکات بە یارسمەتیدان لە چارەسەرکردنی پێداویستییە دەستبەجێ و بەپەلەکانی کۆمەڵگە خۆجێیەکان.
بیرۆکەکانی خوارەوە لەلایەن بەشداربووانی کاری دیالۆگ و نێوەندگیرییەوە دروستکراون و نیشانی دەدەن کە چۆن بیرۆکەکان دەتوانن پەرەپێبدرێن و چۆن دەبن:
تواناسازی
چالاکییەکانی تواناسازی، ئەو شارەزایی و زانیارییە بە بەشداربووان دەدەن کە پێویستیانە بۆ جێبەجێکردنی ئەنجامەکانی گفتوگۆ و خۆگونجاندن لەگەڵ بارودۆخە گۆڕاوەکاندا. ئەم چالاکییانە دەکرێت لە شێوەی وۆرکشۆپی راهێنان، پێشکێشکردنی یارمەتیی تەکنیکی و لەیەک فێربوونی دوو بە دوودا بێت.
- لە کەلار، راهێنانی تواناسازی لەسەر داکۆکیکردن، نێوەندگیریی ململانێی کەشوهەوا و پلاندانان بۆ هەنگاو و رێکارەکان، پرۆسەی گفتوگۆکەی تەواوکرد. بەشداربووان شارەزایی پراکتیکییان بەدەستهێنا بۆ جێبەجێکردنی کارە رێککەوتن لەسەر کراوەکان و بوونە رۆڵگێڕی گۆڕانکاری لەناو کۆمەڵگەکانیاندا.
- لە تەلەعفەر، راهێنانی تواناسازی تیشکی خستە سەر نێوەندگیریی ململانێی کەشوهەوا و ئامرازەکانی بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان فەراهەم کردن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ گرژییەکانی پەیوەست بە کەشوهەوا. وەک رێکخەرەکەی تەلەعفەر روونیکردەوە: "راهێنانی تواناسازی بۆ توانادارکردنی کۆمەڵگە زۆر گرنگ بوو. بەشداربووان شارەزایی و ستراتیژیی پراکتیکی فێربوون کە دەتوانن بۆ گونجان لەگەڵ گرژی و ململانێکانی پەیوەست بە گۆڕانی کەشوهەوا بەکاریبهێنن."
- رێکخەران و شارەزایان هەروەها رایانگەیاند کە لەیەکدیفێربوونی دوو بە دوو و پشتیوانیی شارەزایان دڵنیایی دەدات کە رێککەوتنەکان بە شێوەیەکی کاریگەر مامەڵە لەگەڵ ململانێ دیاریکراوەکاندا دەکەن و کۆمەڵگەکان بۆ بەشداریکردن هاندەدەن و سوود لە شارەزایی جۆراوجۆر وەردەگرن.
بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری
چالاکییەکانی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری پشتیوانیی فراوانتر بۆ ئەنجامەکانی گفتوگۆ دروست دەکەن و دڵنیایی دەدەن کە کۆمەڵگەی فراوانتر ئاگادارە و بەشدارە، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ بنیاتنانی متمانە و زیادکردنی هەستی خۆبەخاوەنزانین. ئەم چالاکییانە دەتوانن هەڵمەتی راگەیاندن، سەردانی مەیدانی، کۆبوونەوەی کۆمەڵانی خەڵک و پرۆسەی پلاندانان بە بەشداریی هەمە لایەن لەخۆبگرن.
- وەک رێکخەرەکەی زوبێر روونیکردەوە: "هەڵمەتەکانی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانیی کۆمەڵگە زۆر گرنگ بوون. یارمەتیدەر بوون بۆ ئاگادارکردنەوەی کۆمەڵگەی فراوانتر لەبارەی گفتوگۆکەمانەوە."
- بە لەبەرچاوگرتنی زانیاریی هەڵەی بەربڵاو و نەبوونی هۆشیاری لەبارەی گۆڕانی کەشوهەوا، وەک لە چەندین شوێنی کارکردندا بینرا، کورتە فیلمێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی گرنگی گۆڕانی کەشوهەوا بەرهەمهێنرا. فیلمەکە وەک بانگەوازێکە بۆ کارکردن و هانی هاووڵاتیان دەدات کە زیاتر ئاگاداری بەکارهێنانی ئاو بن.
- وەک بەشێک لە پڕۆژەکە، ئێمە هەروەها سەردانی مەیدانیی هاوبەشمان بۆ کۆمەڵگەکانی سەرەوە و خوارەوەی رووبارەکە رێکخست بۆ ئەوەی بتوانن تێگەیشتنێکی هاوبەشیان لەبارەی کاریگەریی هاوبەشیکردنی ئاوەوە هەبێت.
بەشداریکردن لە هەوڵەکانی نۆژەنکردنەوە
چالاکییەکانی نۆژەنکردنەوە دەتوانن زۆر گرنگ بن بۆ چارەسەرکردنی پێداویستییە دەستبەجێ و بەپەلەکانی کۆمەڵگەکان بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ کەشوهەوا و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکان. ئەم چالاکییانە دەتوانن پەرەپێدانی ژێرخان، هاوکاریی تەکنیکی لە سیستەمی بەڕێوەبردنی ئاو و ئاوەدانکردنەوە لەخۆبگرن.
- لە حەویجە، بەڕێوەبەرایەتیی ئاو پشتیوانیی تەکنیکی پێشکەش کرد بۆ چاککردنەوەی پەمپەکانی وێستگەیەکی ئاو و پەمپێکی ژێر ئاوی بیر (غطاسة) ئامادە کرد و بە تۆڕی ئاوەوە بەستییەوە. ئەم دەستپێشخەرییە بە هاوبەشی لەکاتی کاری گفتوگۆکەدا دانرا. پەمپی ئاوەکە ئێستا خزمەتی کۆمەڵگەیەکی 7000 کەسی دەکات و ئاوی بۆ دوورترین گوند دابین کردووە، کە پێشتر بەهۆی لاوازیی تەوژمی ئاو و کێشەی چاککردنەوەوە، ئاوی پێ نەدەگەیشت.
باشترین پراکتیک و وانە فێربووەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەو دەستپێشخەرییانەی سەرنجیان لەسەر ململانێیە
بەشداریکردنی هەمەلایەنە: جێبەجێکردنی ئەوا دەستپێشخەرییانەی بە شێوازی بەشداریکردنی هەمەلایەنەی کۆمەڵگەوە دانراون، هەستێکی بەهێزتری خاوەندارێتی و پابەندبوون بە ئەنجامەکانی پرۆسەکانی گفتوگۆ دروست دەکات. هەروەها دەرفەت بۆ هاوکاری لە نێوان ئەندامانی کۆمەڵگە، دەسەڵاتە خۆجێیەکان و رێکخراوە ناحکومییە چالاکەکان لە ئاستی خۆجێییدا دروست دەکات. بەشداریی گشتگیری لایەنە پەیوەندیدارەکان، لەوانە ئاژانسە حکومییەکان، سەرکردەکانی کۆمەڵگە، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کۆمەڵگە زیانلێکەوتووەکان، یارمەتیدەرە بۆ بنیاتنانی متمانە، بەهێزکردنی دەنگە جیاوازەکان و زیادکردنی شەرعییەتی دەستپێشخەرییەکە.
بۆ نموونە، بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی حەویجە پشتیوانیی تەکنیکی پێشکەش کرد بۆ چاککردنەوەی پەمپەکانی وێستگەیەکی ئاوی خۆجێی، پەمپێکی بیری ژێرئاوی ئامادە کرد و بە تۆڕەکەوە بەستییەوە. ئەم دەستپێشخەریی چاککردنەوەیە لەکاتی پرۆسەی دیالۆگەکەدا دەستنیشانکرا و پەرەی پێدرا، کە دڵنیایی لە دابینکردنی ئاوی بەردەوام بۆ گوندە جیاوازەکان دا. شێوازە گشتگیرەکە، کە نوێنەرانی حکومەت، سەرکردەکانی کۆمەڵگە و لایەنە خۆجێیەکانی لەخۆگرتبوو، پشتیوانیی فراوانی بۆ دەستپێشخەرییەکە دروست کرد. بە دیاریکردنی بەڕێوەبەرایەتیی ئاو وەک ئاژانسی جێبەجێکار، دەستپێشخەرییەکە خاوەندارێتیی خۆجێیی دروست کرد و هاوئاهەنگیی نێوان بەڕێوەبەرایەتی، شارەوانی و قایمقامی باشتر کرد. بەشداریی قایمقام ئاسانکاریی بۆ گفتوگۆ لە نێوان بەشە جیاوازەکاندا کرد و سەرچاوەکانی بۆ چارەسەرکردنی کێشە سەرەکییەکان کۆکردەوە. لە ئەنجامدا، پەمپی ئاوەکە ئێستا خزمەتی 7000 کەس دەکات و ئاو بۆ دوا گوندی ناوچەکە دابین دەکات، کە پێشتر بەهۆی لاوازیی تەوژمی ئاو و خراپیی چاککردنەوەوە، ئاوی پێ نەدەگەیشت. وەک رێکخەرەکەی حەویجە روونیکردەوە: "بەشداریپێکردنی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان کلیلی سەرکەوتنمان بوو. یارمەتیدەر بوو بۆ بنیاتنانی متمانە، دڵنیایی دا کە هەموو دەنگەکان دەبیسترێن و شەرعییەتی شێوازی گفتوگۆکەی زیادکرد."
توانای گۆڕین و گونجاندن: بە هەبوونی توانای گۆڕین و گونجاندن و دەستکاریکردنی پلانەکان، ئەو کۆمەڵگانەی کە لە پرۆسەکانی گفتوگۆ و نێوەندگیریدا بەشدارن، دەتوانن باشتر دەستپێشخەرییە کردارییەکان دەستنیشان بکەن و ئەولەوییەتیان پێبدەن، وەک پڕۆژەی بچووکی نۆژەنکردنەوە، کە پشتیوانی لە جێبەجێکردنی هەندێک ئەنجامی رێککەوتنی نێوەندگیری دەکەن. ئەم شێوازە هەروەها یارمەتیدەرە بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە ئەم دەستپێشخەرییانە بە وەڵامدەرەوەی ئەولەوییەتە خۆجێیەکان دەمێننەوە.
بۆ نموونە، تەرخانکردنی سەرچاوە یان رەخساندنی دەرفەت بۆ پێکەوەکارکردن لەگەڵ ئەوانی دیکە، دەتوانێت ببێتە یارمەتیدەرێک بۆ کاری بەدواداچوون، بەبێ ئەوەی پێشوەختە چۆنیەتی کارەکە دیاریبکرێت. ئەمە توانای ئەوە بە کۆمەڵگەکان دەدات، لەسەر بنەمای پێداویستییە تایبەتەکانیان دەستپێشخەرییەکان دابنێن، جا پێوداویستییەکان چ ئەنجامدانی راهێنانی داکۆکیکردن بێت لەسەر بەندە رێککەوتن لەسەر کراوەکان، یان چارەسەرکردنی ئاڵنگارییە تەکنیکی یان ژێرخانییەکان بێت، یانیش بەردەستکردنی تۆوی نوێی کشتوکاڵی بێت وەک بەشێک لە کاروباری بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا. ئەگەر رێگە بە کۆمەڵگەی خۆجێیی بدرێت بە خۆی سەرنج و تەوەری دەستپێشخەرییەکان دیاری بکات، ئەوا دەستپێشخەرییەکە گونجاوتر و زیاتر لەگەڵ ئەولەوییەتەکانی کۆمەڵگەدا دەڕوات.
خۆگونجاندن و هەبوونی زانیاریی لەسەر دۆخەکە: خۆگونجاندن رێگە بە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەدات وەڵامی بارودۆخە گۆڕاوەکان و ئەو زانیارییە نوێیانەدا بگونجێنن کە لە کاتی پرۆسەکانی گفتوگۆ و نێوەندگیریدا وەرگیراون. ئەمە یارمەتیدەرە بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە دەستپێشخەرییەکان بەردەوام سودیان دەبێت و لە ئاست دۆخی خوازراودا دەمێننەوە و بە شێوەیەکی کاریگەر وەڵامی پێداویستییە گۆڕاوەکان، پێودانکی ململانێ و پلانەکانی کەشوهەوا دەدەنەوە. تێگەیشتن لەو دۆخە دیاریکراوەی کە دەستپێشخەرییەکە تێدا جێبەجێ دەکرێت، یارمەتیدەرە بۆ دوورکەوتنەوە لە لێکەوتە نەخوازراوەکان کە دەتوانن گرژییەکان دووبارە هەڵبگیرسێننەوە یان لاوازییەکان زیاتر بکەن. بۆ نموونە، تەنانەت کاتێک چالاکییەکان لە گفتوگۆدا رێککەوتنیان لەسەر دەکرێت، رەنگە هێشتا جێبەجێکردنیان پێویستی بە هەڵسەنگاندنی زیاتر هەبێت بۆ دڵنیابوونەوە لە شێوازێک کە ململانێکە لەبەرچاو بگرێت.
بۆ نموونە، لە کەلار، دروستکردنی بیرێک کە ئاوی ژێرزەوی بۆ 98 خێزان لە دوو گونددا دابین دەکات، پێویستی بە هاوئاهەنگیی بەردەوام لەگەڵ دەسەڵاتداران و بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەکاندا هەبوو. وەک رێکخەرەکەی کەلار روونیکردەوە: "توانای گۆڕین و خۆگونجاندن بۆ سەرکەوتنی دەستپێشخەرییەکەمان زۆر گرنگ بوون. هاوئاهەنگیی بەردەوام رێگەی پێداین گونجاندنی پێویست بکەین و دڵنیابینەوە لەوەی دەستپێشخەرییەکەمان بە پێویست و کاریگەر دەمێنێتەوە."
قۆناغی چوارەم: جێبەجێکردنی ئەنجامەکان
لە قۆناغی چوارەمدا، پرۆسەی گفتوگۆ یان نێوەندگیری کۆتایی دێت. ئەم بەشە تێڕوانین لەبارەی چۆنیەتیی گەیشتن بە ئەنجامەکان دەخاتەڕوو کە نیگەرانییەکانی کەشوهەوا و ژینگە لەخۆدەگرن و تیشک دەخاتە سەر هەنگاوە دیاریکراوەکان دوای کۆتاییهاتنی پرۆسەیەکی نێوەندگیری یان گفتوگۆ:
گەیشتن بە رێککەوتن یان گۆڕانکاری
ئەنجامی پرۆسەکانی گفتوگۆ و نێوەندگیری کە رەنگدانەوەی نیگەرانییەکانی کەشوهەوا و ژینگەن، دەکرێت بە شێوەی رێککەوتنی فەرمی و گۆڕانکاری لە پەیوەندی و هەڵوێستی بەشداربوواندا بێت:
رێککەوتنە فەرمییەکان دەرەنجامی بەرجەستەی پرۆسەکانی نێوەندگیریین و وەک نەخشەڕێیەک بۆ کار و پابەندییەکانی داهاتوو خزمەت دەکەن. ئەم رێککەوتنانە زۆرجار مامەڵە لەگەڵ ئەو کێشانەدا دەکەن کە لەکاتی پرۆسەی نێوەندگیریدا دەستنیشانکراون و رۆڵ و بەرپرسیارێتیی لایەنە پەیوەندیدارە جیاوازەکان دیاریدەکەن. فەرمیکردنی رێکەوتنەکان دەتوانێت لێپرسینەوە زیاد بکات و چوارچێوەیەکی روون بۆ جێبەجێکردن دابین بکات.
زانیاری زیاتر بخوێنەوە
- دەکرێت کۆدەنگی لەسەر رێککەوتنێک بە شێوازێکی چالاک بەدەستبهێنرێت ئەگەر رێکخەر پرسیار لە بەشداربووان بکات کە ئایا چارەسەرێکی پێشنیازکراو رازین. هەمووان دەتوانن بە زارەکی یان بە بەرزکردنەوەی دەست رەزامەندی نیشان بدەن. هەروەها دەکرێت بە بێدەنگبوونیش بەدەستبهێنرێت. بەو واتایەی کە ئەگەر هیچ کەسێک رەتی نەکاتەوە، ئەوا رێککەوتن بەدەستهاوە. ئەمە دەتوانێت رێگەیەکی بەهێز بێت بۆ دووبارە داڕشتنەوەی رێککەوتن چونکە هەندێک لایەن، لەبەر هۆکاری سیاسی یان پاراستنی روومەتەوە، رەنگە نەتوانن چالاکانە بەشداربن.
- لە زۆر حاڵەتدا، رێککەوتنەکان لە رووی یاساییەوە پابەندکەر نین. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەگەر کۆمەڵگەکان هەستێکی بەهێزی خۆ بە خاوەن زانینیان هەبێت بۆ رێککەوتنەکان، ئەوا مانەوەی رێککەوتنەکان و پابەندبوونی کۆمەڵگەکان لە دوای پرۆسەی نێوەندگیریشەوە، مسۆگەر دەبێت. زۆر گرنگە دڵنیابینەوە کە رێککەوتنەکان لەگەڵ بنەما دەستوورییەکاندا دەگونجێن و لە رووی یاساییەوە بەهێزن بۆ ئەوەی توانای مانەوەی زیاتریان هەبێت.
- رێککەوتنەکان چوارچێوەیەک بۆ لایەنەکان دابین دەکەن بۆ پابەندبوون بە کارە سەرەکییەکان، بەها هاوبەشەکان و میکانیزمەکان.
- بە کارکردن لەسەر ئەم چوارچێوەیە، پلانی کار و هەنگاوەکان یارمەتیدەرن بۆ گۆڕینی ئامانجەکانی پرۆسەکانی نێوەندگیری و گفتوگۆ بۆ هەندێ هەنگاوی کردارەکی. لەکاتێکدا رێککەوتنەکان پابەندی یان تێگەیشتنی هاوبەشی بەدەستهاتوو دیاریدەکەن ("چی بڕیاری لێدراوە")، پلانی کار یان هەنگاوەکان دەیانکەنە ئەرکی کردارەکی، خشتەی کاتی، بەرپرسیارێتی و پێداویستیی سەرچاوە (تیشک دەخەنە سەر "چۆن"). بۆ نموونە، دەکرێت رێککەوتنێک پابەندییەکانی هەر لایەنێک بۆ هاوبەشیکردنی دادپەروەرانەی ئاو دیاری بکات، لەکاتێکدا پلانی کار هەنگاوە کردارییەکانی وەک خشتەدانانی دابەشکردن، دیاریکردنی رۆڵی چاودێر و دانانی میکانیزمی تێبینیەکان، دیاری بات. بەم شێوەیە پلانی کار و هەنگاوکان دڵنیایی دەدەن لەوەی رێککەوتنەکان بە شێوەیەکی کاریگەر جێبەجێ بکەن.
- تێکەڵکردنی ستراتیژیی شیاوی گونجاندن لە رێککەوتنەکاندا، توانای پێویستی گۆڕین و گونجاندن بۆ وەڵامدانەوەی کاریگەرییەکانی داهاتووی کەشوهەوا و دڵنیابوونەوە لە بەردەوامیی دەرەنجامەکان و بەهێزکردنی خۆڕاگری دابین دەکات. ئەمە پلاندانانی شیاوی گۆڕین و گونجاندن، چاودێریی بەردەوام و توانای گونجاندنی کارەکان لەگەڵ گۆڕانی بارودۆخدا دەگرێتەوە. بۆ نموونە، لە پرۆسەی گفتوگۆدا لەسەر بەڕێوەبردنی ئاو، دەکرێت کۆمەڵگەکان لەسەر گونجاندنی خشتەکانی هاوبەشیکردنی ئاو لەسەر بنەمای داتای راستەوخۆی بارانبارین رێکبکەون، کە رێگەیان پێدەدات لەگەڵ نەخشە گۆڕاوەکانی کەشوهەوا بگونجێن. ئەو ستراتیژانەی کە توانای گۆڕین و گونجاندنیان هەیە، رەچاوی گۆڕانی کەشوهەوا دەکەن و جەخت لەسەر فێربوونی بەردەوام و خۆگونجاندن دەکەنەوە.
نموونەی زیاتر لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق بدۆزەرەوە:
تێڕوانینەکان لە حەویجە
لە حەویجە، کەرکووک، بەشداربووان بە سەرکەوتوویی گەیشتنە رێککەوتنێک لەسەر کار و هەنگاوەکانی هاوبەشیکردنی ئاو، کە یارمەتیدەر بوو بۆ کەمکردنەوەی ململانێکان لەسەر سەرچاوەکانی ئاو و چوارچێوەیەکی هاوکاریی بۆ بەڕێوەبردنی کەمئاوی دامەزراند: "رێککەوتنی هاوبەشیکردنی ئاو ئەنجامێکی گرنگ بوو. پابەندییەکانی لایەنە پەیوەندیدارە جیاوازەکانی بە فەرمی کرد و چوارچێوەیەکی روونی بۆ پێکەوەکارکردن دابین کرد." لە رێککەوتنی حەویجەدا، کۆمەڵگە پابەند بوو بە چەند کارێکی سەرەکی، لەوانە نەهێشتنی سەرپێچییەکانی ئاو، چارەسەرکردنی کێشەکانی بەکارهێنانی ئاو و کێشەکانی دیکەی کۆمەڵگە بە رێگەی ئاشتیانە، پەنابردن بۆ رێکاری یاسایی تەنها ئەگەر چارەسەرە ئاشتیانەکان ئەستەم بوون، وەگەڕخستنی میکانیزمێک بۆ گەیاندنی گلەییەکان، پابەندبوون بە فڕێدانی دروستی پاشماوە، هاوئاهەنگیکردنی دابەشکردنی ئاو و پێکهێنانی لیژنەیەکی چاودێری. لە هەنگاوی دواتردا، رێککەوتنەکە لە مەراسیمێکی واژۆکردنی گشتیدا بە فەرمی کرا کە لایەنە پەیوەندیدارە سەرەکییەکان ئامادەی بوون، لەوانە دەسەڵاتە خۆجێیەکان، نوێنەرانی کۆمەڵگە و هۆزەکان و ئەندامانی کۆمەڵگەی فراوانتر. ئەگەرچی لە رووی یاساییەوە پابەندکەر نییە، گرنگیی ئەم رێککەوتنە لە سروشتی نوێنەرایەتییەکەیدایە، کۆکردنەوەی هەموو لایەنە ناکۆکەکان بۆ ئەوەی بە هاوبەشی بەرپرسیارێتییە تایبەتەکانی خۆیان کە لە پرۆسەی نێوەندگیرییەوە سەرچاوەیان گرتووە، دیاری بکەن و قبووڵی بکەن.
تێڕوانینەکان لە زوبێر
ە زوبێر، بەسرە، پرۆسەی گفتوگۆکە پەیمانێکی کۆمەڵایەتی لێکەوتەوە کە تێیدا لایەنەکان پابەندبوون بە پەرەپێدانی یەکڕیزیی کۆمەڵایەتی و راسپاردەیان لەبارەی گۆڕانی کەشوهەواوە دانان. لەسەر بنەمای ئەوە، پلانێک داڕێژرا بۆ چارەسەرکردنی بۆ ئەو نیگەرانییانەی لە کاتی گفتوگۆدا وروژێنرابوون. پلانەکە رێکاری وەک باشترکردنی ئامادەیی ئەمنی لە شوێنە دەستنیشانکراوەکان و بەهێزکردنی یەکڕیزیی کۆمەڵایەتیی نێوان کۆمەڵگەکان لە هەندێک لە قوتابخانەکاندا لەخۆگرتبوو. بەپێی رێکخەرەکەی زوبێر: "پلانی کارەکە بۆ جێبەجێکردنی چارەسەرە رێککەوتن لەسەر کراوەکان زۆر گرنگ بوو. نەخشەڕێگایەکی روونی دابین کرد و یارمەتیدەر بوو بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە هەمووان لەسەر یەک هێڵ بن."
تێڕوانینەکان لە تەلەعفەر
لە تەلەعفەر، پرۆسەی گفتوگۆکە پەرەپێدانی ستراتیژییەکی خۆگونجێنەری بەڕێوەبردنی ئاوی لەخۆگرتبوو کە لەسەر بنەمای بەردەستبوونی ئاوی وەرزی و بارودۆخی گۆڕاوی کەشوهەوا، رێگە بە گونجاندن دەدات. رێکخەرەکەی تەلەعفەر روونیکردەوە: "ستراتیژیی خۆگونجێنەری بەڕێوەبردنی ئاو بۆ ئەوە داڕێژرا بوو کە شیاوی گۆڕانکاری و گونجاندن بێت و لە ئاستی بارودۆخ و پێداویستییەکاندا بێت. هەروەها رێگەی بە کۆمەڵگە دا هەنگاوەکانیان بە گوێرەی دۆخی هەنووکەیی و بە پشتبەستن بە زانیاریی نوێ بگونجێنن."
گۆڕانکاری لە پەیوەندی و هەڵوێستەکاندا زۆرجار دەرەنجامی نابەرجەستە بەڵام بەهێزی پرۆسەکانی گفتوگۆن. لەکاتێکدا هەمیشە دەستبەجێ دیار نین، گۆڕانکاری بەرەو تێگەیشتنی هاوبەش، متمانە و پەیوەندیی باشتر، هاوکاری پەرەپێدەدات و بەشدارە لە چارەسەری بەردەوامتردا.
- دەرەنجامێکی سەرەکیی گفتوگۆ بریتییە لە بەدەستهێنانی لێکتێگەیشتنی نێوان لایەنە ناکۆکەکاندا. بۆ نموونە، لە زوبێر، کۆمەڵگەکان دانیان بەوەدانا کە گۆڕانی کەشوهەوا پاڵنەرێکی سەرەکیی ئاوارەبوون و کۆچە، ئەمەش گلەیی (لۆمەکردنی) نێوان ئاوارە ناوخۆییەکان و کۆمەڵگە خانەخوێکان کەمکردەوە. ئەم هۆشیارییە هەروەها بواری بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی ئاڵنگارییە هاوبەشەکانەوە دروست کرد، وەک بەرزبوونەوەی توندوتیژیی لەسەر بنەمای رەگەز کە بەستراوەتەوە بە لەدەستدانی بژێوی و نیگەرانی لەبارەی نەبوونی ئاسایشی پێویست لە قوتابخانەکان. بە خستنەڕووی گۆڕانی کەشوهەوا وەک هۆکارێکی دەرەکی، رێککەوتنەکان دەتوانن لۆمەکردن کەمبکەنەوە و گرژییە پێشوەختەکان هێور بکەنەوە، وەک بەستەرێک لە نێوان خەڵکدا کاربکەن و ژینگەیەکی ئەرێنی بۆ گفتوگۆ دروست بکەن.
-
پرۆسەی گفتوگۆ لە کەلار پەیوەندییەکانی نێوان چین و توێژە جیاوازەکان و نێوان دامودەزگە خۆجێیەکان و کۆمەڵگە خۆجێییەکانی باشتر کرد، کە بووە هۆی پێکەوەکارکردنی زیاتر. دامودەزگە خۆجێیەکان و نوێنەرانی کۆمەڵگە بە هاوبەشی، گوندەکانی دارا و فەتحوڵڵایان وەک پێویسترین شوێن بۆ بیری نوێ دەستنیشانکرد بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی کەمئاوی. ئەم پرۆسە گشتگیر و تایبەت بە ململانێیە دڵنیایی دا کە تەرخانکردنی سەرچاوەکان لەگەڵ ئەولەوییەتە راستەقینەکانی کۆمەڵگەدا دەگونجێت و لە کۆتاییدا سوودی بە نزیکەی 100 خێزان گەیاند. وەک رێکخەرەکە ئاماژەی پێدا: "یەکێک لە گرنگترین ئەنجامەکان گۆڕانکاری لە پەیوەندییەکاندا بوو. بەشداربووان بە یەکدیان وەک هاوبەش بینی نەک دوژمن، کە پێشکەوتنێکی گرنگ بوو.
پێوانەکردنی کاریگەریی کارەکە
بۆ بەدەستهێنانی تێگەیشتنێکی باشتر لە بەهای بەستنەوەی لێکۆڵینەوە لە مەترسیەکانی ئاسایشی کەشوهەوا بە هەوڵەکانی ئاشتیسازیدا و گونجاندنی بەردەوامی پڕۆگرامەکان، گرنگە هەندێ ئامراز چاودێریکردن و هەڵسەنگاندنی کاریگەرییە بەدەستهێنراوەکان و وانە لێ وەرگرتن بەکاربهێنرێن. ئەم بەشە ئەو شێوازانە لە خۆدەگرێت کە دەتوانرێت بۆ چاودێریکردن، هەڵسەنگاندن و فێربوون (MEL) لە کارەکانی گفتوگۆ و نێوەندگیریی پەیوەست بە کەشوهەوا بەکاربهێنرێن و چۆنیەتیی جێبەجێکردنیان دەخاتەڕوو.
تیۆریی گۆڕان (ToC) بۆ کەشوهەوا و ئاشتی
تیۆریی گۆڕان باس لەوە دەکات کە چۆن پڕۆژەیەک هەوڵی دروستکردنی گۆڕانکاری دەدات، هەروەها چوارچێوەیەک دادەنێت بۆ بۆ تێگەیشتن لەوەی کە چۆن کارەکان دەبنە هۆی ئەو ئەنجامە خوازراوەکان، وەک کەمبوونەوەی ململانێ و بەهێزبوونی خۆڕاگری: "تیۆریی گۆڕان بریتییە لەوەی کە چۆن و بۆچی بڕوا دەکرێت کارێک ئامانجە پلان بۆ دانراوەکانی بەدی دەهێنێت، واتە ئەو گۆڕانکارییانەی کە هەوڵ دەدرێت لە رێگەی چالاکییەکانییەوە دروست بکرێن، بۆ ئەم مەبەستەش کۆمەڵێک گریمانەمان بەدەستەوە دەدات." بەستنەوەی تیۆریی گۆڕان بە ئاماژەکانەوە (مؤشرات) بۆ دانانی پلانی هەڵسەنگاندنی کاریگەری، سوودبەخشە. پرسیارەکانی فێربوون دەتوانن باش بن بۆ رێنوێنیکردنی هەڵسەنگاندنەکە و بڕیاردان لەسەر دەستکاریی پێویست بۆ تیۆری گۆڕان و لۆژیکی پڕۆژەکە.
خشتەی خوارەوە نموونەیەکی تیۆریی گۆڕان و نیشاندەرەکان نیشان دەدات و بە گریمانە و شێوازە بنەڕەتییەکانیانەوە دەیانبەستێتەوە. هەروەها پرسیاری فێربوون لەخۆدەگرێت کە ئاسایشی کەشوهەوا و ژینگە تێکەڵ بە تیۆرییەکانی گۆڕانی ئاشتیسازیدا دەکەن و دەکرێت وەک نموونە بەکاربهێنرێن.
چنینەوەی ئەنجامەکان
شێوازێکە بۆ چاودێری و هەڵسەنگاندن کە یارمەتیمان دەدات تێبگەین پرۆژەکەمان چۆن بەشداری لە دروستکردنی گۆڕانکارییەکاندا دەکات، بەتایبەتی لە چوارچێوەیەکی ئاڵۆز و بەردەوام گۆڕاودا کە تێیدا پەیوەندیی نێوان هۆکار و ئەنجامەکان ناڕوونە. چنینەوەی ئەنجامەکان، بەڵگەی گۆڕانکارییەکان لە "رەفتاری فراوانی" لایەنێکی کۆمەڵایەتی یان زیاتر کۆدەکاتەوە کە لەژێر کاریگەریی پرۆژەکەماندا بوون. بەتایبەتی، تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە کێ، چیی، کەی، لەکوێ و بۆچی بە شێوەیەکی جیاواز کارێکی کردووە، هاوکات گرنگی بە رەفتار، رووداوەکان، کار، سیاسەت، راگەیێندراو و پێشهاتە نوێیەکان دەدات. لەرێگەی کۆکردنەوەی بەڵگەی گۆڕانکارییەکانەوە، دەتوانین بگەڕێینەوە دواوە بۆ ئەوەی دیاری بکەین ئایا پرۆژەکەمان رۆڵی لەو گۆڕانکارییانەدا هەبووە یان نا، هەروەها ئەگەر هەیبووبێت، چۆن بووە.
زانیاری زیاتر بخوێنەوە
ئامانج لێی تۆمارکردنی هەموو ئەنجامەکانە، تەنانەت ئەوانەش کە لە دەرەوەی مەودای بیرکردنەوەی پرۆژەکەدان، هەروەها چاودێریکردنی بەردەوامی کاریگەریی پرۆژەکەیە بە مەبەستی باشترکردنی بەردەوام. بە تۆمارکردنی ئەنجامە چاوەڕوانکراو و چاوەڕواننەکراوەکان، "چنینەوەی ئەنجامەکان" یارمەتیمان دەدات کە بە تێپەڕبوونی کات شێوازی کارکردنمان وردتر بکەینەوە و هەر لێکەوتەیەکی نەرێنی کە پێویستی بە چارەسەر بێت، دەستنیشانی بکەین. دواتر دەتوانرێت راگەیاندنی ئامانجەکان، بە بەراوردکردن لەگەڵ ئامانج و چالاکییەکانی پرۆسەکە و کاریگەرییە راستەوخۆ، مامناوەند و درێژخایەنەکانی (کاریگەرییەکانی پلە یەک، دوو و سێ) شیکارییان بۆ بکرێت.
نموونەی 1: بەشداربوویەک لە دانیشتنی گفتوگۆی زوبێر، گۆڕانی کەشوهەوای بە هۆکارێکی سەرەکیی ئاوارەبوون و کۆچکردن دانا. ئەمە بووە دەروازەیەک بۆ گفتوگۆکردن لەسەر گۆڕانی کەشوهەوا وەک فاکتەرێک لە ململانێکاندا، کە لە بەرامبەردا بووە هۆی کەمکردنەوەی تۆمەتبارکردنی یەکدی لەنێوان ئاوارەکان و کۆمەڵگە خانەخوێکاندا. [پلەی یەکەم – لێکتێگەیشتنی هاوبەش].
نموونەی 2: موختارەکان لە کەلار و نوێنەرانی فەرمانگە حکومییەکان، پەیوەندییان لەگەڵ هاوتاکانی خۆیان دامەزراند و دەروازەی پەیوەندییان لەرێگەی وەتسئەپەوە کردەوە، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی هاوبەش چارەسەری کێشەی کەمئاوی بکەن. [پلەی دووەم – گۆڕانکاری لە پراکتیزەکان؛ هاوئاهەنگی].
نموونەی 3: دەسەڵاتدارانی خۆجێی لە حەویجە، لە شوباتی 2023 هەڵمەتێکیان دەستپێکرد بۆ لابردنی ئەو سەرپێچیانەی لە کەناڵێکی ئاویدا کرابوون و بۆ پاراستنی سەرچاوە ئاوییە خۆجێییەکان. ئەمە هەنگاوی یەکەمە بەرەو گفتوگۆ و دروستکردنی متمانە لەنێوان کۆمەڵگە خۆجێییەکان و دەسەڵاتدارانی خۆجێیی لەسەر رێککەوتنێک بۆ دابەشکردنی ئاو [پلەی سێیەم – ئەنجامی کردەیی لە ڕاستیدا)لەسەر ئەرزی واقیع(].
راپرسییەکان
راپرسییەکان شێوازێکی گشتگیر، هەمەلایەن و ڕوون (شەفاف) بۆ هەڵسەنگاندن دەڕەخسێنێت. ئەم راپرسییانە دەکرێت بە هاوکاری لەگەڵ هاوبەشەکان و لایەنە پەیوەندیدارە دەرەکییەکان پلانیان بۆ دابنرێت، بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی میتۆدۆلۆژییەکە پوخت و رەچاوکەری دۆخەکە بێت، لەسەر بنەمای "زیان نەگەیاندن" بێت. راپرسییەکان دەکرێت لە قۆناخی جیاوازدا ئەنجام بدرێن، وەک هەڵسەنگاندنی پێش و دوای چالاکی، هەڵسەنگاندنی پێداویستییەکان پێش وۆرکشۆپەکان، یان تەنانەت توێژینەوەی درێژخایەن بۆ چاودێریکردنی گۆڕاوە (متغيرات) سەرەکییەکان بە تێپەڕبوونی کات.
لەکاتێکدا راگەیێندراوی ئەنجامەکان (بیان النتائج) گۆڕانکارییە رەفتارییەکان دەپێون، ئەم راپرسیانە داتای چەندایەتیی بەنرخ دابین دەکەن کە تەواوکەری ئەو تێگەیشتنە چۆنایەتییانەن کە بەدەست هاتوون، ئەمەش تێگەیشتن و هەڵسەنگاندنێکی گشتگیرتر بۆ کاریگەرییەکە دابین دەکات. لەرێگەی راپرسییەکانەوە، دەتوانرێت کاریگەرییەکانی کەشوهەوا و ژینگە، لەگەڵ کاریگەرییەکانی سەر ئاشتی و ململانێ، بە شێوەیەکی کارلێکییانە بپێورێن. ئەم شێوازی کارکردنە وادەکات بتوانرێت چاودێری و هەڵسەنگاندن بۆ خۆڕاگریی کۆمەڵگەکان بەرامبەر کەشوهەوا لە کاتە جیاوازەکاندا بکرێت.
چەند پرسیارێک وەک نموونە
- تا چەند دڵنیایت کە کۆمەڵگەکەت دەتوانێت خۆی لەگەڵ ئاڵنگارییەکانی داهاتووی پەیوەست بە کەشوهەوا بگونجێنێت، وەک وشکەساڵی یان لافاو؟ (1: هیچ دڵنیا نیم؛ 10: زۆر دڵنیام)
- تا چەند لەگەڵ ئەم قسەیەدایت: "کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، وەک وشکەساڵی، لافاو و خۆڵبارین، هەڕەشەن بۆ سەر کۆمەڵگەکەمان"؟ (1: هیچ؛ 10: تا رادەیەکی زۆر)
- تا چەند دڵنیایت لە تێگەیشتنت لە پەیوەندییەکانی نێوان گۆڕانی کەشوهەوا، ململانێ، ئاشتی و ئاسایش؟ (1: هیچ دڵنیا نیم؛ 10: زۆر دڵنیام)
- چەندە متمانەت بە توانای خۆت هەیە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بابەت و ململانێی پەیوەست بە کەشوهەوا/ژینگە؟ (1: هیچ دڵنیا نیم؛ 10: زۆر دڵنیام)
شیکاری نموونەیەک لە راپرسی و خستنەڕووی تێڕوانینەکانیان
- لە تەلەعفەر، متمانەی بەشداربووان بە توانای خۆیان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ململانێی پەیوەست بە کەشوهەوا، لە 7.1ـەوە بۆ 8.4 بەرزبووەوە، واتە بە رێژەی 18.3٪ زیادیکردووە.
- لە کەلار، بەشداربووان تێگەیشتنێکی باشتریان بۆ پەیوەندییەکانی نێوان گۆڕانی کەشوهەوا، ململانێ، ئاشتی و ئاسایش نیشاندا، کە تێکڕای هەڵسەنگاندنیان لە 6.8ـەوە بۆ 8.6 بەرزبووەوە، واتە بە رێژەی 26.47٪ زیادیکردووە. هەروەها، متمانەیان بە توانای خۆیان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بابەت و ململانێی بە کەشوهەوا و ژینگە، لە 5.6ـەوە بۆ 8.4 بەرزبووەوە، کە ئەمەش زیادبوونێکی 50٪ـییە.
- لە حەویجە، راهێنانەکە بووە هۆی زیادبوونی تێگەیشتنی بەشداربووان لە پەیوەندیی نێوان کەشوهەوا و ململانێ، لە تێکڕای 6.5ـەوە بۆ 7.8، کە نیشانیدەدات تێگەیشتنیان 20٪ زیادبووە. هەروەها، راهێنانەکە بووە هۆی زیادبوونی متمانەی بەشداربووان بە توانای خۆیان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو بابەتانەی پەیوەستن بە کەشوهەوا و ژینگە، لە تێکڕای 7.1ـەوە بۆ 8.2، واتە 15.49٪ متمانەیان زیاد بووە.
باشترین پراکتیزە/ وانە وەرگیراوەکان
شێوازە چەندایەتییەکە و خودی راپرسییەکە پشت بە خۆهەڵسەنگاندن (تقييـم ذاتي) دەبەستێت، کە ئەمەش بوار بۆ لایەنداریکردن یان لێکدانەوەی نابابەتیانە دەهێڵێتەوە. لە ئەنجامدا، ئەنجامەکانی راپرسییەکە هەندێکجار زیادبوونێکی بەرچاویان نیشان نەدەدا، یان تەنانەت ئاماژەیان بە دابەزین دەکرد لە ئاستی متمانە و تواناکاندا. بەڵام مەرج نییە ئەمە بە واتەی ئەوە بێت کە راهێنانەکە سەرکەوتوو نەبووە. دانانی چەند پرسیارێکی کراوە لە راپرسییەکەدا لەوانەیە یارمەتیدەر بێت بۆ دەستنیشانکردنی رەوتەکانی و زانینی ئاراستەکان، تەنانەت ئەگەر داتا چەندایەتییەکانیش ئەنجامێکی ماناداریان نەبێت. بۆ نموونە، لە کاتی بەراوردکردنی ئەنجامەکانی پێش و دوای راپرسییەکە، بەشداربووان تێگەیشتنێکی جێگیریان بۆ پەیوەندیی نێوان گۆڕانی کەشوهەوا، ململانێ، ئاشتی و ئاسایش نیشاندا، بە رێژەی نەگۆڕی 6.4 پێش و دوای راهێنانەکە، لە کاتێکدا ئامادەییان بۆ هەوڵەکانی داکۆکیکاری بە 9.0 وەک خۆی مایەوە. بەڵام کاتێک سەیری وەڵامی پرسیارەکان دەکەین سەبارەت بەوەی کە گفتوگۆ و نێوەندگیری لەسەر گۆڕانی کەشوهەوا و ژینگە چۆن دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە گۆڕینی ململانێکان، هەروەها ئایا هەموو خەڵک بە یەکسانی کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوایان لەسەرە، چەند ئاراستەیەک لە ئەنجامەکانی دوای راپرسییەکەدا دەردەکەون. وەڵامەکان: 1) تۆختر و وردترن، 2) وردەکاری یان نموونەی زیاتر دەخەنەڕوو، 3) وەڵامیان تێدایە کە پێشتر نەدرابوون. ئەمە ئەوە دەگەیێنێت، هەرچەندە ئەنجامە چەندایەتییەکان — کە لەسەر بنەمای خۆهەڵسەنگاندن و تێڕوانینی بەشداربووانە — گۆڕانکارییەکی بەرچاویان نیشان نەدا، بەتایبەتی سەبارەت بە ئاستی متمانە بۆ بەشداریکردن لە داکۆکیکاری و تێگەیشتن لە پەیوەندیی نێوان کەشوهەوا و ئاسایش، بەڵام وەڵامە چۆنایەتییەکان ئاماژەن بۆ تێگەیشتنێکی قووڵتر و شارەزاییەکی زیاتر.
بەردەوام بە لە خوێندنەوە
ئێستا ئامرازەکانی شیکردنەوەی مەترسییەکانی ململانێی پەیوەست بە کەشوهەوا دەزانیت. دواتر، لە بەشی دووەمدا فێری چۆنیەتی جێبەجێ کردنی ڕێبازەکانی گفتوگۆ و نێوەندگیری دەبیت.
بەش یەکەم (شیکردنەوە) گەڕانەوە بۆ لاپەڕەی سەرەکی
پەیوەندیمان پێوەبکە
بۆچونت چیە دەربارەی ڕێبەریەکە و چۆن پلان دادەنێیت بۆ جێبەجێکردنی لە پڕۆژەکەتدا؟
Thanks for your interest
If you find this publication useful, please consider making a small donation. Your support enables us to keep publishing.