شیکردنەوەی مەترسییەکانی ئاسایشی کەشوهەوا
بەشی یەکەمی ڕێبەریەکە بریتیە لە نێوەندگیری و گفتوگۆی پە یوەست بە کەشوھەوا
بەشی یەکەم، پرۆسەی دیاریکردن و شیکردنەوەی مەترسییەکانی ئاسایش و ململانێی پەیوەست بە کەشوهەوا دەخاتەڕوو، ئەویش بەپشتبەستن بە میتۆدۆلۆژیا'Weathering Risk'. ئەم بەشە باس لە پرۆسەی نەخشەدانان دەکات لە سێ قۆناخدا: دیزاین و پلاندانان --> کۆکردنەوەی داتا و چاوپێکەوتن --> شیکردنەوە. هەروەها روونیدەکاتەوە چۆن خاڵەکانی دەستپێک بۆ نێوەندگیری و گفتوگۆی پەیوەست بە کەشوهەوا لەسەر ئاستی خۆجێی دروستبکرێن و دیاریبکرێن.
پێشەکی
کارلێکی نێوان کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، ئاشتی و ئاسایش، ئالنگارییەکی فرەڕەهەند دروستدەکات، بەتایبەتی لە ناوچەکانی وەک عێراق، کە ململانێی قووڵ، گلەیی و گازندەی دێرین و بێ متمانەیی قووڵی کۆمەڵایەتی تێیدا بەردەوامە.
بەگوێرەی پێوەری (ND-GAIN)، عێراق لەسەر ئاستی جیهان 81ـەمین وڵاتی هەرە لاواز و 154ـەمین وڵاتی هەرە ئامادەیە لە رووی توانای سوودوەرگرتن لە وەبەرهێنان و گۆڕینی بۆ رێکاری خۆگونجاندن. عێراق زۆر لاوازە بەرامبەر بە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، وەک کەمئاوی، گەرمای توند و خۆڵبارین. ئەمانە نەک هەر گوشار لەسەر سەرچاوەکان دروستدەکەن، بەڵکو گرژی و ململانێیەکانی ئێستاش، کە پەیوەستن بە حکومڕانی، دابەشکردنی سەرچاوەکان، یەکڕیزیی کۆمەڵایەتی و کۆچ و ئاوارەیی، قووڵتر و توندتر دەکەنەوە. ئەم گوشارانە مەترسیی ململانێ زیاد دەکەن، بەتایبەتی لەو ناوچە ھەستیارانەی کە تێیاندا متمانە لەنێوان حکومەت و خەڵکدا لە ئاستێکی نزم دایە، ناکۆکیی نێوان پێکهاتەکان قووڵ ریشەی داکوتاوە، هەروەها کەموکورتی لە سەرچاوەکان، توانای حکومڕانی، ستراتیژییەکانی خۆگونجاندن لەگەڵ کەشوهەوا و میکانیزمەکانی چارەسەری ململانێدا هەیە.
پێکهاتە
بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، کە پێشبینی دەکرێت تاوەکو ساڵی 2050 بە 1.9 بۆ 3.2 پلەی سیلیزی بەرزببنەوە، دەرەنجامی قورسی دەبێت؛ لەوانەش بەرزبوونەوەی رێژەی گیانلەدەستدان بەهۆی گەرماوە، دابەزینی بەرهەمی کشتوکاڵی و زۆرتربوونی خۆڵبارین. کاریگەرییە کەڵەکەبووەکانی وشکەساڵی و بەبیابانبوون، لە ئێستاوە تێکچوونی ژینگە خراپتر دەکەن. لە چاوپێکەوتنەکاندا لە سەرانسەری عێراق، جووتیاران بەردەوام باسیان لە کەمبوونەوەی بەروبوومەکانیان کردووە بەهۆی زیادبوونی کەمئاوی و بێپیتبوونی زەوییە کشتوکاڵییەکانەوە. ئەم ئاڵنگارییانە نەک هەر هەڕەشەن لەسەر بژێویی خەڵک، بەڵکو گرژییەکان لەسەر سەرچاوە سرووشتییەکانیش توندتر دەکەنەوە و دەبنە هۆی ئاوارەبوون، بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە کشتوکاڵ دەبەستن.
لە هەڵسەنگاندنی پەیوەندیی نێوان کەشوهەوا، ئاشتی و ئاسایش لە عێراقدا، رەنگە کەمئاوی گرنگترین پرس بێت، ئەمەش لەبەر کۆمەڵێک هۆکار، لەوانە دروستکردنی بەنداو لەسەر رووبارەکان، بەڕێوەبردنی خراپی ئاو و کۆنیی ژێرخانەکەی، گۆڕانی کەشوهەوا و گەشەی دانیشتووان. بۆ نموونە، رێژەی ئاوی رووبارەکانی دیجلە و فورات لە ساڵی 1980ـەوە بە رێژەی 30% کەمیکردووە، ئەمەش بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا، بەڕێوەبردنی خراپی سامانی ئاو و نەبوونی رێککەوتنی پابەندکەر بۆ دابەشکردنی ئاو لەگەڵ وڵاتانی سەرچاوەی رووبارەکان، بەتایبەتی تورکیا و ئێران. ئەم رەوتە گرژییەکانی لەسەر دەستڕاگەیشتن بە ئاو زیادکردووە و مەترسیی ململانێی لەنێوان کۆمەڵانی خەڵک، پارێزگاکان و وڵاتاندا بەرزکردووەتەوە[2]. لە چاوپێکەوتن لەگەڵ جووتیاران، دەسەڵاتە خۆجێیەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەدا، ئەو کەمئاوییەی لە ئەنجامی گۆڕانی کەشوهەوا دروستبووە، زۆرجار وەک هۆکاری سەرەکیی سەرهەڵدانی ناکۆکییەکان ئاماژەی پێ دەکرا. ئەم گرژییانە بەهۆی کەمبوونەوەی بە ئاوی ئاودێری و پێشێلکردنی رێککەوتنە خۆجێیەکانی دابەشکردنی ئاوەوە، توندتر بوونەتەوە.
سەرباری ئەوەش، قەیرانی ئاو دەرەنجامی قووڵی لەسەر ئاسایشی مرۆیی لە عێراق هەیە و کاریگەریی نەرێنیی لەسەر بەرهەمی کشتوکاڵی و تەندروستیی گشتی داناوە. پیسبوونی سەرچاوەکانی ئاو بووەتە هۆی زیادبوونی نائارامیی کۆمەڵایەتی، لە کاتێکدا لافاو کە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە زیاتر بووە، زیانی بە ژێرخان گەیاندووە، بژێویی ژیانی تێکداوە و بووەتە هۆی ئاوارەبوونی زیاتر (بۆ نموونە لە بەسرە لە ساڵی 2018، کاتێک ئاوی ئاوەڕۆ تێکەڵ بە ئاوی خواردنەوە بوو و خۆپێشاندانی لێکەوتەوە؛ لە هەولێر لە ساڵی 2021، کاتێک لافاو بووە هۆی ئاوارەبوونی دەیان خێزان). لە زۆر حاڵەتدا، ئەم جۆرە ئاوارەبوونە بەهۆی لاوازیی حکومڕانی و نەبوونی متمانە بە دامەزراوەکانی دەوڵەت خراپتر دەبێت، کە نەک هەر رێگرە لەبەردەم چارەسەرکردنی سەرکەوتووانەی قەیرانەکان، بەڵکو هەوڵە درێژخایەنەکانی خۆگونجاندنیش لەسەر هەردوو ئاستی خۆجێی و نیشتمانی لاواز دەکات.
هەرچەندە مەترسییەکانی پەیوەست بە کەشوهەوا لەسەر ئاشتی و ئاسایش لە هەر شوێنێک بە شێوازێکی جیاواز دەردەکەون، توێژینەوەکان چەند ئاراستەیەکی باو دەردەخەن کە دەکرێت لەو ناوچانەدا دەستنیشان بکرێن کە کاریگەرییەکانی ململانێ و گۆڕانی کەشوهەوا تێیاندا کەڵەکە دەبن. ئەم ئاراستانە تێگەیشتن لەبارەی ئەوەی کە بارودۆخی کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابووری چۆن مەترسییەکانی ئاسایشی کەشوهەوا دروستدەکەن، قووڵتر دەکەنەوە. هەرچەندە هیچ پەیوەندییەکی راستەوخۆ لەنێوان گۆڕانی کەشوهەوا و ململانێی (چەکداری)دا نییە، بەڵام بەڵگەی زۆر هەن کە دەیسەلمێنن گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەری لەسەر رەوتی ململانێکان هەیە و رێگرە لەبەردەم پرۆسەی ئاشتیدا.
میتۆدۆلۆژیی وێزەرینگ ريسک (Weathering Risk - WR) کە لەلایەن رێکخراوی ئەدێڵفییەوە داڕێژراوە، چوارچێوەیەک بۆ تێگەیشتن لە پەیوەندییە پێکەوەبەستراوەکانی نێوان گۆڕانی کەشوهەوا، تێکچوونی ژینگە، ململانێ، ئاشتی و ئاسایش دەخاتەڕوو. ئەم چوارچێوەیە "رێڕەوەکانی ئاسایشی کەشوهەوا" بەکاردەهێنێت بۆ لێکۆڵینەوە لەوەی کە کاریگەرییەکانی کەشوهەوا و مەترسییەکانی سەر ئاسایش چۆن کارلێک دەکەن. رێڕەوە دیاریکراوەکان بەپێی دۆخی هەر ناوچەیەک دەگۆڕێن، بەڵام پەیوەستن بە سەرچاوە سرووشتییەکان، ناسەقامگیریی بژێوی و ئاسایشی خۆراک، حکومڕانیی لاواز، ئەو کارەساتانەی لە ئەنجامی گۆڕانی کەشوهەوا دروستدەبن و دەرەنجامە چاوەڕواننەکراوەکانی سیاسەتەکانەوە. شیکردنەوەی ئەم رێڕەوانە یارمەتیدەرە بۆ کردنەوەی گرێی ئاڵۆزی نێوان فاکتەرەکان، بە جۆرێک کە دابەشیان دەکات بۆ سەر چەند نەخشێکی شیاوی ناسینەوە کە دەکرێت لێیان تێبگەین و چارەسەریان بکەین.
ئێمە کەمێک گۆڕانکاریمان لە میتۆدۆلۆژیی وێزەرینگ ريسک (WR) کردووە، تاوەکو لەگەڵ ئامانجەکانماندا لە عێراق بگونجێت. ئەمانە ئەو فاکتەرە سەرەکییانەن کە بۆ هەڵسەنگاندنی مەترسییەکانی ئاسایشی کەشوهەوا بەکارمان هێناون:
- گوشارەکانی کەشوهەوا/ژینگە و بەرکەوتنیان (بۆ نموونە، کام گوشارەکانی کەشوهەوا کاریگەرییان لەسەر وڵات هەیە؟ پێشبینییەکان بۆ داهاتوو چین؟ کێ، کەی و لە کوێ بەر ئەم گوشارانە دەکەوێت؟)
- پێودانکی (داینامیکی) ئاسایش (بۆ نموونە، هۆکار و پاڵنەرە سەرەکییەکانی ناسەقامگیری و نائارامی چین؟ لایەنە کاریگەرە سەرەکییەکان کێن؟)
- لاوازییەکان و توانای خۆڕاگری (بۆ نموونە، ئایا توانای پێویست بۆ بەرگەگرتن لە بەرامبەر گوشارەکانی کەشوهەوا هەیە؟ چین و توێژە جیاجیاکان چۆن کاریگەرییان لەسەرە؟)
لەسەر بنەمای تێگەیشتنمان لە یەکتربڕینی ئەم رەهەندانەی مەترسی، نەخشەی چەند رێڕەوێکی چاوەڕوانکراومان داناوە بۆ یارمەتیدانی دۆزینەوەی خاڵی دەستپێک بۆ هەوڵەکانی بنیاتنانی ئاشتی، بە جۆرێک کە دڵنیابینەوە پرۆسەکانی نێوەندگیری و گفتوگۆ بە شێوازێکی سیستەماتیک هۆکارە ریشەییەکانی ململانێکان چارەسەر دەکەن. ئەم رێبازە هەم وەک چوارچێوەیەکی نەخشەسازی و هەم وەک میتۆدۆلۆژییەک کاردەکات بۆ دەستنیشانکردن و دۆزینەوەی خاڵی دەستپێک بۆ گفتوگۆ و نێوەندگیری، بەمەش دڵنیایی دەدات کە ئاسایشی کەشوهەوا و ژینگە بە شێوەیەکی کاریگەر دەخرێنە نێو هەوڵەکانی گۆڕینی ململانێکانەوە.
ئەو تێڕوانین و ئەنجامانەی کە لە رێگەی جێبەجێکردنی میتۆدۆلۆژیی رێڕەوەکانەوە لە کارەکانماندا بەدەستهاتوون، دەتوانن لە داڕشتنی توێژینەوەکانی داهاتوودا لەبارەی پەیوەندیی نێوان کەشوهەوا و ململانێ یارمەتیدەر بن و رێنوێنیی کاری مەیدانی بکەن سەبارەت بە مەترسییەکانی ئاسایشی کەشوهەوا لەگەڵ ئەو کۆمەڵگەیانەی کە کاریگەریی ململانێیان لەسەرە. لەپاڵ ئەوەش، دەتوانن یارمەتیدەر بن لە دۆزینەوەی ئاسانتری مەترسییەکانی ئاسایشی کەشوهەوا و خستنە نێو پرۆسەکانی نێوەندگیری و گفتوگۆوە، وەک لە بەشی دووەمدا روونکراوەتەوە. ئەم تێڕوانینانە رەنگدانەوەی ئەنجامە سەرەکییەکانی قۆناخی سەرەتایی نەخشەسازیی کارەکانمانن و پشت بە چاوپێکەوتن لەگەڵ توێژەر و هاوبەشە عێراقییەکان دەبەستن.
بەشداربوو لە مەشقی نەخشەسازی لە بەسرە، ساڵی ٢٠٢٢
"خەڵکێکی زۆر لە پارێزگاکانی دیکەوە هاتوونەتە زوبێر، ئەم دیاردەیە لە هەموو پارێزگای بەسرە هەیە. ئەمە کاریگەریی کردووەتە سەر دابونەریتە خێڵەکیەکان (عەشایەرییەکان)"
گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەرییەکی بەرچاوی هەیە لەسەر ئاسۆی کۆمەڵایەتی و ئابووریی عێراق. کۆمەڵگە کشتوکاڵییەکان لە پارێزگاکانی زیقار و مەیسان، رووبەڕووی بەرزبوونەوەی شەپۆلەکانی گەرما و کەمئاوی دەبنەوە. ئەم رووداوە دووبارەبووانە دەبنە هۆی زیادبوونی لەنێوچوونی بەروبوومە کشتوکاڵییەکان و لەنێوچوونی ئاژەڵ. لە ئەنجامی ئەم ئالنگارییانەی کە رووبەڕووی بژێوییان دەبێتەوە، ژمارەیەکی زۆر لە جووتیارە گەنجەکان واز لە کاری کشتوکاڵی دەهێنن و کۆچ دەکەن بۆ ناوەندی شارەکان، بەتایبەتی بەسرە، کە لەوێ دەرفەتی دەستکەوتنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان و هەلی کار زۆر سنووردارە و مەترسیی ئەوەیان لەسەرە کە لە کاری نایاسایی یان تووندوتیژیدا تێوەبگلێن.
هەروەها هەست بە هەبوونی جیاوازیی کولتووری دەکرێت لەنێوان ئاوارەکان، کە زۆربەیان خەڵکی ناوچە گوندنشینەکانی زیقار و مەیسانن، لەگەڵ ناوەندە شارییەکانی بەسرە. سەرەڕای ئەوەش، ئاوارەبوونی ئەم خەڵکە و کێبڕکێی دواتریان لەسەر سەرچاوە کەمەکان، گوشار دەخاتە سەر دابینکردنی خزمەتگوزارییە خۆجێییەکان و گرژیی نێوان ئاوارەکان و کۆمەڵگە خانەخوێکان توندتر دەکاتەوە. حکومەتێک کە ئاستی متمانەپێکردنی نزمە و میکانیزمی لاوازی بۆ کارگێڕیکردنی ململانێکان هەیە، زۆرجار لە دۆزینەوەی چارەسەری کاریگەردا بۆ ئەم ئالنگارییانە تووشی کێشە دەبێت.
بەشداربوو لە مەشقی نەخشەسازی لە کەلار، ٢٠٢٢
"کەناڵی ئاویی باڵاجۆ دەکەوێتە قەزای کەلار، باشووری سلێمانی. سەرچاوەکەی لە رووباری سیروانەوەیە. کەناڵەکە بەنێو 23 گونددا تێدەپەڕێت. هەندێک جووتیار زیاتر لە بەشی خۆیان ئاو رادەکێشن، بەمەش گوندەکانی خوارەوە بێ ئاوی پێویست دەمێننەوە. لە ئەنجامدا، هەندێکمان لێرە تەنانەت ئاوی خواردنەوەشمان نییە"
لە ناوچەی کەلار، کە گرژی و ململانێی نێوان کۆمەڵانی خەڵکی تێدایە، چەندین گوند رووبەڕووی قەیرانی کەمئاوی بوونەتەوە. ماوەی چەندین ساڵە ناکۆکییەکان لەسەر سەرچاوە ئاوییەکان کە روویان لە کەمبوونەوەیە توندتر بوونەتەوە، هۆکارەکەشی تۆمەتی زیادەڕۆیی نایاسایی و پێشێلکردنی رێککەوتنەکانی دابەشکردنی ئاوە لەسەر کەناڵی ئاویی باڵاجۆ. ئەم کێشە بەردەوامانە ناکۆکییەکانی پێشوویان قووڵتر کردووەتەوە و بێمتمانەیی لەنێوان گوندەکاندا دروستکردووە. سەرباری ئەوەش، نەبوونی ئاو بووەتە هۆی ئاوارەبوونی چەندین خێزان لە هەندێک لە گوندەکان.
بەشداربوو لە مەشقی نەخشەسازی لە ئافاک، ٢٠٢٢
"خۆم و ژنانی دیکە جاران ئێکسسواراتمان دروستدەکرد و لە بازاڕ دەمانفرۆشتن. ئێستا، بەهۆی گرانیی ئەو کەرەستە هاوردانەی بەکاریاندەهێنین، ناتوانین بیانفرۆشین."
کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوا لە قسە و بەسەرهاتی ژمارەیەکی زۆری ژنانیش لە عەفەک و کەلاردا روون و دیارە. ئەوان هەستیان بە هەبوونی پەیوەندییەک دەکەن لەنێوان وشکەساڵی و بەرزبوونەوەی دواتری نرخی کاڵا سەرەکییەکان، لەوانەش خۆراک و کەرەستەی کاری دەستی. ئەم گرانبوونە، بەتایبەتی کاریگەریی کردووەتە سەر ئەو ژنانەی کە بۆ دابینکردنی داهات پشت بە فرۆشتنی بەرهەمە دەستییەکانیان دەبەستن. بەهۆی بەرزبوونەوەی تێچووی کەرەستەکانەوە، ناتوانن بەرهەمەکانیان لە بازاڕدا بفرۆشن. لە زۆر حاڵەتدا، ئەمە کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر توانای ئەوان هەیە بۆ دابینکردنی ژینگەیەکی سەقامگیر و ئارام بۆ خێزانەکانیان، کە یەکێک لە ئەرکەکانیان دڵنیابوونەوەیە لەوەی منداڵەکانیان بێ کێشە بتوانن بخوێنن.
کاریگەرییە کەڵەکەبووەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، لەوانەش هەڵبەز و دابەزی توندی نرخی خۆراک و ناسەقامگیریی گشتی لە ئاسایشی خۆراک و بژێویدا، ئاڵنگاری و نیگەرانییە ئەمنییەکانی ئێستا زیاتر قووڵدەکەنەوە.
سێ قۆناغی پرۆسەی نەخشەسازی
دیزاین و پلاندانان
ئەم بەشە تیشک دەخاتە سەر هەنگاوە سەرەتاییەکانی دیزاینکردن و ئامادەکردنی پرۆسەی چاوپێکەوتن، کە باس لەم لایەنە سەرەکیانەی خوارەوە دەکات:
- دانانی چوارچێوەیەکی بابەتیانەی شیکاری و میتۆدۆلۆژییەکی بابەتیانە
- کارکردن لە چوارچێوەی تیمێکی توێژینەوەدا
- داڕشتنی پرسیارەکانی چاوپێکەوتن
- دەستنیشانکردنی بەشداربووان
- هەڵبژاردنی شوێن
داتا کۆکردنەوە و چاوپێکەوتن
ئەم بەشە تێڕوانینەکان سەبارەت بە ئەنجامدانی چاوپێکەوتنەکان دەخاتە ڕوو، کە تیشک دەخاتە سەر لایەنە پراکتیکییەکانی وەک:
- دڵنیابوونەوە لە سەلامەتیی بەشداربووان و دروستکردنی متمانە لەگەڵیاندا
- گوێگرتنی چالاکانە
- هێشتنەوەی پەیوەندی و دووبارە پەیوەندیکردنەوە دوای چاوپێکەوتن
شیکردنەوە
ئەم بەشە تیشک دەخاتە سەر پرۆسەی شیکردنەوەی زانیاری کۆکراوەی (داتاکانی) چاوپێکەوتن وەک ئامادەکاری بۆ پرۆسەی گفتوگۆ یان نێوەندگیری:
- شیکردنەوەی زانیارییەکان
- دۆزینەوەی خاڵی دەستپێک بۆ گفتوگۆ و نێوەندگیری
قۆناخی یەکەم: دیزاین و پلاندانان
دانانی چوارچێوەیەکی بابەتیانەی شیکاری و میتۆدۆلۆژییەکی بابەتیانە
دەکرێت پرۆسەی دەستنیشانکردنی مەترسییەکانی ئاسایشی کەشوهەوا وەک بنەمایەک بۆ گۆڕینی ململانێکان بەکاربهێنرێت، چونکە ئەوە تێگەیشتنمان لە پەیوەندیی نێوان کەشوهەوا و ململانێ لە شوێنێکی دیاریکراودا قووڵدەکاتەوە و بنچینەیەک بۆ دەرکردنی بڕیاری هۆشیارانە و جێبەجێکردنی رێکاری کاریگەر، دابین دەکات. پێش ئەنجامدانی نەخشەسازییەکە، زۆر گرنگە کە ئامانج، چوارچێوەی شیکاری و میتۆدۆلۆژییەکە دیاری بکرێن، چونکە هەر ئەمانەن ئاراستە و سنووری توێژینەوەکە دیاری دەکەن. دەکرێت رێڕەوەکان وەک چوارچێوەیەکی شیکاری بەکاربهێنرێن بۆ دەستنیشانکردنی تەوەرەکانی لێکۆڵینەوە، وەک ئاوارەبوون، ئاسایشی خۆراک و بژێوی، هەروەها بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە رێکارەکان لەگەڵ هەر ناوچەیەک دەگونجێن. دواتر ئەم چوارچێوە شیکارییە دەتوانێت ببێتە رێبەرێک بۆ داڕشتنی پرسیاری گونجاوی چاوپێکەوتن. چاوپێکەوتنەکان یارمەتیمان دەدەن بەڵگەی زارەکی لە خەڵکەوە بەدەستبهێنین، نەک داتای چەندایەتی بەرهەمبهێنین. ئەم رێبازە چۆنایەتییە، بە تیشک خستنە سەر گێڕانەوەی چیرۆکی خەڵک، بۆچوون و تێڕوانین لەبارەی ئەوەی کە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و ژینگە چۆن کاریگەری لەسەر ململانێ و ئاسایشی مرۆیی دادەنێن، دەخاتەڕوو. لە بەرامبەردا، ئەم گێڕانەوانە بنەمایەک بۆ هەوڵەکانی دیالۆگ و نێوەندگیری دابین دەکەن. بەو پێیەی ئەم میتۆدۆلۆژییە داتای چەندایەتی بەدەستەوە نادات، گرنگە دەرەنجامەکان لە چوارچێوەی رێبازە چۆنایەتییەکاندا پشتڕاست بکرێنەوە. ئەمە دەکرێت لە رێگەی کۆبوونەوەی راوێژکاریی زیاترەوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارە جۆراوجۆرەکان، وەک شارەزایانی تەکنیکی، دەسەڵاتە خۆجێیەکان و سەرکردە عەشایەری یان ئایینییەکان، ئەنجام بدرێت. هەروەها گرنگە کار بە داتاکانی کەشوهەوا بکرێت، ئەگەر بکرێت شارەزایی لە بواری دۆخەکە و کەشوهەوا بهێنرێتە نێو تیمەکەوە، یان هاوکاری لەگەڵ ئەو هاوبەشانەدا بکرێت کە دەستیان بەو جۆرە داتایانە دەگات و دەتوانن شیکارییان بۆ بکەن. بۆ دڵنیابوونەوە لە تۆکمەیی کارەکانمان لەسەر پرسەکانی کەشوهەوا و ژینگە، تێکەڵکردنی داتاکانی کەشوهەوا لەگەڵ تێڕوانینە چۆنایەتییەکان یارمەتیدەر دەبێت بۆ دابینکردنی تێگەیشتنێکی گشتگیرتر و پتەوکردنی راستی و دروستیی دەرەنجامەکانمان. تێکەڵکردنی هەردوو جۆری داتاکە، تۆکمەیی شیکارییەکانمان بەگشتی بەهێزتر دەکات و تاوەکو بکرێت وردترین وێنەی دۆخەکەمان پێ دەدات.
بۆ نموونە، کاتێک پرسیاریان لەبارەی دەستکەوتنی ئاو لێکراوە، ئەو کەسانەی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کراوە باسیان لەوە کردووە کە ئێستا ناچارن بیرەکان تاوەکو قوڵایی شەش مەتر هەڵبکەنن، لە کاتێکدا پێشتر سێ مەتر بووە. هەرچەندە رەنگە پشتڕاستکردنەوەی وردی ئەم ژمارانە ئەستەم بێت، بەڵام خاڵی هەرە گرنگ تێگەیشتنە لە ئەزموونی ژیانی ئەو کەسانەی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کراوە. لە قۆناخێکی دواتردا، گرنگە ژمارەکان لەگەڵ دەسەڵاتە خۆجێیەکان و شارەزایاندا پشتڕاست بکرێنەوە و لەگەڵ ئامارە بەردەستەکاندا بەراورد بکرێن. بەڵام، بۆ مەبەستەکانی توێژینەوەکە، پەیامی سەرەکی ئەو سەختییە زیاترەیە کە رووبەڕووی ئەو کەسانە بووەتەوە، کە دەبێت لە چوارچێوە فراوانەکەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر بژێوی، گرژییەکان و ململانێکاندا دابنرێت.
کارکردن لە چوارچێوەی تیمێکی توێژینەوەدا
دەکرێت تیمێکی توێژینەوە پێکبێت لە کەسێک بۆ چاوپێکەوتن، کەسێک بۆ تێبینی نووسین، کەسێک بۆ شیکردنەوەی داتا و شارەزایەک کە پەیوەندییەکی باشی بە تۆڕێک لە خەڵکی خۆجێییەوە هەبێت بۆ دەستنیشانکردنی کەسانی گونجاو بۆ چاوپێکەوتن یان دڵنیابوونەوە لەوەی تیمەکە دەتوانێت بگاتە ئەو ناوچەیە. دەکرێت ئەو کەسانەی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ دەکرێت وەک بەشداربووی چالاک بەشداربن و سەرنج و تێبینی لەسەر پرسیارەکان و شێوازی کارەکە بدەن. بۆ نموونە، رەنگە تێگەیشتن لە زاراوە تەکنیکییەکانی پەیوەست بە گۆڕانی کەشوهەوا قورس بێت و خەڵکەکە بە بەربڵاوی لە جیاوازیی نێوان کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و گوشارە ژینگەییەکان تێنگەیشتبێت. روونکردنەوەی ئەم چەمکانە لەسەر بنەمای سەرنجی بەشداربووان دڵنیایی دەدات کە نەخشەسازییەکە بە وردی تێڕوانین و ئەزموونەکانیان لەبەرچاو دەگرێت. رێبازی کارکردن بە شێوەی تیم بۆ نەخشەسازییەکە وا دەکات لە کاتی چاوپێکەوتنەکاندا بتوانرێت لە بازنەیەکی فراوانتری پرسەکان بکۆڵرێتەوە. بۆ نموونە، یەکێک لە ئەندامانی تیمەکە دەتوانێت چاودێریی زمانی جەستەی بەشداربووان بکات، کە رەنگە بەرچاوڕوونیمان پێ بدات و کاریگەری لەسەر ئەنجامەکان هەبێت. ئەم تێبینییانە رەنگە ئەوەش نیشان بدەن کە ئایا پێویستە گۆڕانکاری لە ئامادەکارییە ئەمنی یان ئامادەکارییەاکنی دیکەدا بکرێت یان نا. هەروەها لە هەندێک ناوچەدا، رەنگە باو نەبێت کە پیاوێک بە تەنیا چاوپێکەوتن لەگەڵ ژناندا بکات. لەم حاڵەتانەدا، ئامادەبوونی کەسێکی دووەم لە ژوورەکەدا دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ کەمکردنەوەی نیگەرانییە چاوەڕوانکراوەکان.
داڕشتنی پرسیارەکانی چاوپێکەوتن
کاتێک بەشداربووان دەستنیشان کران، زۆر گرنگە پرسیاری چاوپێکەوتن داڕێژرێن کە لەسەر بنەمای ئەزموونی تاکەکەسیی خۆیان بێت و لەگەڵیاندا بگونجێن. گرنگە تیمی توێژینەوەکە رێز لەو کەسانە بگرێت کە چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا دەکرێت و بە یەکسانی و وەک هاوتای خۆیان مامەڵەیان لەگەڵدا بکات. بەشێکی ئەم کارە بریتییە لەوەی پرسیارەکان بە شێوازێک دابڕێژرێن کە رێگە بە بەشداربووان بدات بە شێوەیەکی کاریگەر تێڕوانینەکانیان بخەنەڕوو. رەنگە دانیشتووانی شارەکان زیاتر سەوداکارییان لەگەڵ بابەتەکانی وەک کەمیی خزمەتگوزاریدا هەبێت، لە کاتێکدا جووتیاران دەتوانن تێڕوانینی خۆیان باشتر لەبارەی پێداویستییەکانی خۆگونجاندنی کشتوکاڵی بخەنەڕوو. هەروەها گرنگە درک بەوە بکەین کە ئاستی هەستکردن بە ململانێکان جیاوازن. هەندێک لە بەشداربووان رەنگە نکوڵی لە بوونی ململانێ یان گوشارەکانی کەشوهەوا بکەن، بە پاساوی ئەوەی کە رێگە و ستراتیژیی بەڕێوەبردنی ئەو کێشە و گوشارانە هەیە. رەنگە پرسیارکردن بە خستنەڕووی سیناریۆکان یارمەتیدەر بێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو نائاسوودەییەی کە لە کاتی باسکردنی ململانێکاندا دروست دەبێت؛ هەروەها رەنگە سوودی هەبێت بۆ هەڵسەنگاندنی میکانیزمەکانی چارەسەری ململانێ و ستراتیژییەکانی خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا.
بۆ نموونە، توێژەران باسیان لەوە کردووە کە خەڵک هەندێک جار زۆر قسەیان نەکردووە کاتێک راستەوخۆ پرسیاریان لەبارەی ململانێکانی سەر کەمئاوی لێکراوە. بەڵام کاتێک توێژەران پرسیاریان لەبارەی کاردانەوەیان بەرامبەر کەمبوونەوەی دابینکردنی ئاو کردووە، باسیان لە هەندێک رێکار و ستراتیژیی رووبەڕووبوونەوە کردووە و روونیان کردووەتەوە، وەک پەنابردن بۆ دەسەڵاتداران، رێکاری یاسایی، خۆپێشاندان، گونجاندنی بژێوی یان کۆچکردن بۆ ناوچەکانی دیکە. ئامانجی ئەم رێباز و شێوازی کارکردنە ئەوەیە کە تێگەیشتنێک لەبارەی دۆخی خەڵکەوە بەدەستبهێنرێت بەبێ ئەوەی حوکمیان لەسەر بدرێت یان خەڵکەکە تووشی ناڕەحەتی و نائاسوودەیی بکرێت. بەوپێیەی ئەزموونەکانی گۆڕانی کەشوهەوا زۆر جیاوازن، دەستپێکردن بە پێشەکییەکی کورت یان ڤیدیۆیەک لەبارەی گۆڕانی کەشوهەوا و گوشارە ژینگەییەکانەوە دەتوانێت زەمینەیەکی هاوبەش دروست بکات و ببێتە سەرەتایەک بۆ گفتوگۆ، بەتایبەتی لە سەرەتای کۆبوونەوە و گفتوگۆ ی چڕی گرووپەکاندا.
قسەی توێژەرێک: "بۆ نموونە، ئەگەر بپرسیت 'ئایا هیچ ململانێیەکتان هەیە؟'، رەنگە خەڵک تەنیا بڵێت نەخێر. لەبری ئەوە، پرسیاری سیناریۆیی بەکاربهێنە بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆخەکە. بۆ نموونە، دەتوانیت بپرسیت 'ئەگەر بەشە ئاو لە ناوچەکەتاندا لە مانگێ جارێکەوە کەمبکرێتەوە بۆ دوو مانگ جارێک، کاردانەوەت چی دەبێت؟'
دەستنیشانکردنی بەشداربووان
کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و ململانێ لەلایەن تاکەکانەوە بە شێوازی جیاواز هەستی پێدەکرێت. تێکەڵەیەک لە گفتوگۆی چڕی بەکۆمەڵ و چاوپێکەوتن لەگەڵ کەسانی زانیاریدەری سەرەکی، بوار بۆ لێکۆڵینەوە لە گێڕانەوە جیاوازەکان دەرەخسێنێت. چاوپێکەوتن لەگەڵ کەسانی زانیاریدەری سەرەکی وەک نوێنەرانی دامودەزگا خۆجێیەکان یان شارەزایانی تەکنیکی، دەتوانێت قووڵ ببێتەوە بۆ نێو وردەکارییەکانی وەک پلان و رێکارەکانی خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا.
هاوکات، گفتوگۆی چڕی بەکۆمەڵ لەگەڵ خەڵکی ناوچەکە، پرۆسەی کۆکردنەوەی داتا لەبارەی تێڕوانینەکان بۆ ئەم پلانانە و جێبەجێکردنیان ئاسان دەکات. لە رێگەی بەشداریپێکردنی گرووپێکی گشتگیر و پەیڕەوکردنی تێڕوانینێکی یەکتربڕ، بەتایبەتی بۆ گفتوگۆی چڕی بەکۆمەڵ، دەتوانرێت تێگەیشتنێکی گشتگیرتر بەدەستبهێنرێت. پێوەری پێشوەختە دیاریکراو یارمەتیدەرە بۆ دەستنیشانکردنی بەشداربووان بە شێوەیەکی گشتگیر؛ ئەمەش پێویستی بە تێگەیشتنێکی ورد لە دۆخەکە هەیە بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە لاوازییە جۆراوجۆرەکان لەبەرچاو گیراون. هەندێک جار، رەنگە پێویست بێت گرووپی گفتوگۆی جیاواز پێکبهێنرێت، بۆ نموونە لەگەڵ گەنجان و ژنان، چونکە هەندێک لە بەشداربووان رەنگە هەست بە ئاسوودەیی زیاتر بکەن کاتێک لەنێو هاوتەمەنەکانی خۆیاندا قسە دەکەن.
هەڵبژاردنی شوێن
مەبەست لە چاوپێکەوتن دروستکردنی پەیوەندییە لەگەڵ ئەو تاکانەی کە چیرۆکەکانیان دەگێڕنەوە. زۆرجار بارودۆخ و دابونەریتە خۆجێیەکانی کاریگەرییان لەسەر شوێن و چۆنێتیی چاوپێکەوتنەکە هەیە. هیچ رێباز و شێوازێک نییە وەک یەک قاڵب بۆ هەمووان بگونجێت. زۆر گرنگە کە ئەو کەسانەی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ دەکرێت هەست بە ئاسوودەیی بکەن لە کاتی باسکردنی بارودۆخ و ئەزموونەکانیان. سوودوەرگرتن لە شێوازی جیاوازی چاوپێکەوتن یارمەتیدەرە بۆ هاندانی کرانەوەی زیاتری ئەو خەڵکەی چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا دەکرێت.
بۆ نموونە، رەنگە چاوپێکەوتنێک لە شوێنی کارکردنی فەرمیی کەسەکە بکرێت، بۆ نموونە لە نووسینگەکەیدا، و تیشک بخرێتە سەر ئەو بابەتانەی پەیوەستن بە رۆڵەکەیەوە. هەروەها دەکرێت چاوپێکەوتن لەگەڵ جووتیارێک لەنێو کێڵگەی بکرێت، کە وا دەکات بتوانێت پیشانی بدات گۆڕانی کەشوهەوا چۆن کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر زەوییەکەی هەبووە و روونی بکاتەوە کە ئەمە چۆن کاریگەری لەسەر بژێوی و ئاسایشی دەکات. لە کاتێکدا چاوپێکەوتنی رووبەڕوو زۆرجار وەک راستەوخۆتر سەیر دەکرێت و دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە دروستکردنی کەشێکی پڕ لە متمانە، یەکێک لە سوودەکانی چاوپێکەوتنی ئۆنڵاین ئەوەیە کە بەشداربوو دەتوانێت شوێنێک بە خواستی خۆی هەڵبژێرێت کە تێیدا هەست بە ئاسوودەیی پێویست بکات بۆ گێڕانەوەی ئەزموونەکانی. لە لایەکی دیکەوە، دەکرێت چاوپێکەوتنەکە بە ئۆنڵاین ئەنجام بدرێت و بەشداربووەکە لە باخچەکەیدا دانیشتبێت، کە وای لێدەکات هەست بە پەیوەندی لەگەڵ دەوروبەرەکەیدا بکات و لە کاتی گێڕانەوەی چیرۆکەکەیدا ئاسوودە بێت.
لیستی کارەکان: ناردنی بانگهێشتنامە بۆ بەشداربووان، گرتنی هۆڵی گونجاو بۆ گفتوگۆی چڕی بەکۆمەڵ، رێکخستنی ئامرازی گواستنەوە بۆ تیمی توێژینەوە و بەشداربووان، دابینکردنی قاوە، چا و خواردنەوەی فێنککەر، بەپێی درێژیی چاوپێکەوتنەکان.
یەکێک لە چاوپێکەوتنەکان لەگەڵ سەرۆک عەشیرەتێک بە ئۆنلاین ئەنجامدرا، کە تێیدا سەرۆک عەشیرەتەکە و چاوپێکەوتنکارەکە هەردووکیان لە باخچەکانیاندا دانیشتبوون. ئەم دۆخە نافەرمییە یارمەتیدەر بوو لە دروستکردنی کەشێکی ئارام کە بۆ گفتوگۆکەیان لەبار بوو و دوو کاتژمێر و نیوی خایاند. بە پێچەوانەوە، چاوپێکەوتنێکی دیکە لەگەڵ سەرۆک عەشیرەتێکی دیکەی هەمان ناوچە لە چێشتخانەیەکدا ئەنجامدرا و تەنیا 35 خولەکی خایاند. دۆخی چێشتخانەکە وایکردبوو کە تیشک خستنە سەر بابەتەکان و قووڵبوونەوە لە چیرۆک و پرسیارەکان قورستر بێت
قۆناخی دووەم: داتا کۆکردنەوە و چاوپێکەوتن
دڵنیابوونەوە لە سەلامەتیی بەشداربووان و دروستکردنی متمانە لەگەڵیاندا
ناساندنی تیمەکە و ئامانج و مەبەستی کارەکە و روونکردنەوەی ئەوەی کە چی بەسەر داتاکاندا دێت، واتە ئەگەر بەم شێوەیە رۆشنبوون (شەفافیەت) هەبێت، دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ دروستکردنی متمانە و دانانی بناغەیەک بۆ پەیوەندیی کاریگەر، بەتایبەتی لە ژینگە هەستیارەکانی ململانێدا. لەو دۆخانەدا کە لایەنگریی سیاسی یان رەهەندی کۆمەڵایەتی و کولتووری گرنگە، تیمی توێژینەوەکە دەبێت هۆشیار بێت بەرامبەر هەستەکانی ئەو کەسەی چاوپێکەوتنی لەگەڵ دەکرێت و هەر لە سەرەتاوە زمانی گونجاو بەکاربهێنێت و خۆی لەو زاراوانە یان بابەتانە بەدوور بگرێت کە دەکرێت ببنە هۆی ناڕەحەتی یان گرژی. تیمەکە دەبێت بزانێت کە رێنماییەکانی چاوپێکەوتن دەکرێت وەک رێنیشاندەرێک بەکاربهێنرێن، بەڵام لە هەموو کاتێکدا وەک ئامرازێکی شیاوی گۆڕانکاری دەمێننەوە و بواری گونجاندنیان هەیە لەگەڵ کات و ئامانج و مەبەستە لەپێشینەکانی (ئەولەویەتەکانی) هەر بەشداربوویەکدا.
گرنگە مەبەستی نەخشەسازییەکە و ئەو دۆخەی کە تێیدا ئەنجام دەدرێت، روونبکرێێنەوە. لە سەرەتای چاوپێکەوتنەکاندا، دەبێت ئامانجەکان، وەک فێربوون لەبارەی پرسە کۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسی و ژینگەییەکان، لەنێویاندا گۆڕانی کەشوهەوا، لەو کۆمەڵگەیانەی کە مەبەستن، روونبکرێنەوە. لەم قۆناخەدا، وێڕای ئەوەی مەبەست لە نەخشەسازییەکە هاندانی دەستپێشخەریی زیاتری گفتوگۆ یان نێوەندگیریە، ئەرکی سەرەکی بریتییە لە گوێگرتن لەو کەسانەی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ دەکرێت. هەرچەندە هیوادەخوازین ئەنجامەکان ببنە گەنجینەیەک لە زانیاری بۆ بڕیاربەدەستان یان رێکخراوەکانی دیکە و هانیان بدەن لە کاتی ململانێکان یان پێویستبوونی هەندێ کاری دیارکراودا یارمەتیدەر بن و رۆڵی خۆیان بگێڕن، گرنگە مەبەست و سنووری تواناکانی نەخشەسازییەکە بە راشکاوی و روونییەوە (شەفافیەتەوە) نیشان بدرێن . ئەمە بەتایبەتی بۆ ئەو کۆمەڵگەیانە گرنگە کە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە بە قورسی کاریگەریی کەمبوونەوەی بژێوی یان ئاوارەبوونی زۆرەملێیان لەسەرە. بەوپێیەی نەخشەسازییەکە خۆی ناتوانێت بەڵێنی گۆڕانکاریی ئەرێنی بدات بۆ ئەو بارودۆخە سەختەی کە ئەم کۆمەڵگەیانە رووبەڕووی بوونەتەوە، روونکردنەوەی ئەم راستییە لە بارەی سنووردارێتیی توانای نەخشەسازییەکە هەر لە سەرەتاوە، زۆر گرنگە.
لە چاوپێکەوتنەکانماندا، زۆرجار گوێمان لێ دەبێت کە ناڕاستەوخۆ ئاماژە بە هەندێ لایەن و دامەزراوە دەکرێت و بەشداربووان دوودڵن لە ناوهێنانی راستەوخۆیان، زۆرجار لەبەر ئەوەیە کە ئەمانە لایەنی کاریگەرن یانیش پەیوەندیاین بە ململانێوە هەیە. هەندێک جار، ئەو لایەنانە لە دابینکردنی خزمەتگوزارییەکاندا بەشدارن و بەشداربووانی چاوپێکەوتنەکان رەنگە بە شێوازی ناڕاستەوخۆ یان کەم ئاماژەیان پێبکەن. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو کاریگەرییە بەرچاوەی کە ئەم لایەنانە دەتوانن هەیانبێت، زۆر گرنگە بۆ چاوپێکەوتنکاران (ئەوانەی پرسیار دەکەن) کە زۆر بە هەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتانەدا بکەن.
سەبارەت بە سەلامەتی، زۆر گرنگە بەشداربووان تەنیا لە کاتی هەستکردن بە ئاسوودەیی و سەلامەتی بەشداری بکەن و هەموو زانیارییە پێشکەشکراوەکان بە نهێنی بمێننەوە. بەتایبەتی بۆ دۆخە هەستیارەکان، دەبێت لە سەرەتاوە بەشداربووان دڵنیا بکرێنەوە کە دەتوانن وەڵامی ئەو پرسیارانە نەدەنەوە کە نایانەوێت و دەتوانن لە هەر کاتێکدا بێت کۆتایی بە چاوپێکەوتنەکە بهێنن. لە کاتێکدا گۆڕانی کەشوهەوا بە گشتی وەک بابەتێکی کەمتر هەستیار لە بواری توێژینەوەی ململانێدا سەیر دەکرێت، لە کاتی وەڵامدانەوەی هەندێ پرسیاردا، دەکرێت بەشداربووان ناڕەزایەتی لە بەرامبەر دەسەڵاتداران نیشان بدەن یان رەخنەیان لێ بگرن، کە رەنگە ئەم رەخنە و ناڕەزاییە بیانخاتە مەترسییەوە. لە هەندێک دۆخدا، رەنگە دەسەڵاتدارانیش گومانیان لەو تاکانە هەبێت کە بەشداری لە چاوپێکەوتنەکاندا دەکەن، بۆیە زۆر پێویستە رێوشوێنی پێشوەختە بۆ پاراستنیان لە هەر کێشەیەک بگیرێتەبەر. لە سەرووی هەموویانەوە، دەبێت سەلامەتی وەک بنەمای سەرەکی بمێنێتەوە. بۆیە، ئەوانەی چاوپێکەوتنەکە بەڕێوەدەبەن و پرسیارەکان دەکەن، دەبێت بە رێزەوە مامەڵە لەگەڵ هەر بەشداربووێکدا بکەن و دڵنیابنەوە کە هەموو بەشدارییەکان بە هەستیارییەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت بۆ ئەوەی بەشداربووان نەخەنە مەترسییەوە.
گوێگرتنی چالاکانە
لە کاتی ئەنجامدانی چاوپێکەوتنەکاندا، زۆر گرنگە لەبیرمان بێت کە رێنوێنییەکانی چاوپێکەوتن وەک ئامرازێکی نەرم کاردەکەن نەک وەک دەقێکی رەق. بەوپێیەی هەندێک بەشداربوو رەنگە کاتی سنووردار یان تێڕوانینی کەمتریان لەسەر هەندێک لایەن هەبێت، رەنگە هەندێک پرسیار پشتگوێ بخرێن. دەبێت تیشک بخرێتە سەر گوێگرتنی چالاکانە و رێگەدان بە هەموو بەشداربووان بۆ گێڕانەوەی ئەزموون و تێڕوانینەکانیان. دڵنیابوونەوە لەوەی کە هەر کەسێک هەلی قسەکردنی هەیە لە گفتوگۆ گرووپییە چڕەکاندا، هەروەها تێگەیشتنێکی گشتگیرتر و فراوانتر لە دیدگاکانیان بەهێز دەکات.
هێشتنەوەی پەیوەندی و دووبارە پەیوەندیکردنەوە دوای چاوپێکەوتن
بۆ دڵنیابوونەوە لە کۆکردنەوەی داتای گشتگیر و ورد، رەنگە توێژەران پێویستیان بەوە بێت کە هەندێ جار دووبارە سەردانی بەشداربووان بکەنەوە یان زانیاریی زیاتر کۆبکەنەوە بۆ پڕکردنەوەی کەلێنەکان، روونکردنەوەی وەڵامەکان یان لێکۆڵینەوە لە تێڕوانینە نوێیەکان. ئەم پرۆسە دووبارەبووەوەیە لە دۆخە ئاڵۆز و گۆڕاوەکاندا زۆر گرنگە، چونکە یارمەتیدەرە بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەنجامەکان، دەوڵەمەندکردنی کوالێتیی داتا و ئاگاداربوون لە هەموو تەوەرە پەیوەندیدارەکان. دووبارە پەیوەندیکردنەوە بە بەشداربووانەوە هەروەها متمانە دروست دەکات و رۆڵی ئەوان لە نەخشەسازییەکەدا بەهێز دەکات، کە ئەمەش متمانە و تێروتەسەلبوونی توێژینەوەکە بە گشتی زیاد دەکات. بە هەمان شێوە گرنگە کە بەشداربووان ئاگادار بکرێنەوە لەوەی کە وەڵام و داتاکانیان چۆن بەکاردەهێنرێن و بەڵێن بدرێت کە ئەنجامەکانی نەخشەسازییەکە هاوبەش بکرێن یان لە دوای بەدوادچوون و پێداچوونەوە زانیاریەکان پێشکەش بکرێن. ئەم رێبازە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ کەمکردنەوەی ئەگەری ماندووبوون و ساردبوونەوە لە توێژینەوە، بەتایبەتی لەو دۆخانەدا کە زۆرجار داوا لە تاکەکان دەکرێت بەشداری لە پرۆسەی دووبارەبوو و چوونیەکدا بکەن.
قۆناخی سێیەم: شیکردنەوە
شیکردنەوەی زانیارییەکان
رێڕەوەکان دەکرێت وەک چوارچێوەیەکی شیکاریی رێنوێنیکار بەکاربهێنرێن بۆ پۆلێنکردنی دەرەنجامەکان لەسەر بنەمای پەیوەندییان بە فاکتەرەکانی وەک بژێوی ژیان ، ئاوارەبوون/کۆچ و ئاسایشی (نائاسایشی) خۆراکەوە. ئەگەر نەخشەسازییەکە لە چەندین شوێنی جیاوازدا ئەنجامدرابێت، ئەم رێبازە هەروەها بەراوردکردنی ئەم شوێنانە لەسەر بنەمای لاوازییەکانیان و/یان میکانیزمەکانیان بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا یان ململانێکانی پەیوەست بە گۆڕانی کەشوهەوا و ژینگەوە ئاسان دەکات. بۆ نموونە، راپۆرتێک دەکرێت بە جۆرێک دابڕێژرێت کە تیشک بخاتە سەر خاڵە هاوبەش و جیاوازەکان، و شیکردنەوە بۆ هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم نەریتانە بکات. دواتر، راپۆرتەکە دەتوانێت بە وردی بچێتە نێو هەر شوێنێکەوە، و تێڕوانین و داتای تایبەت پێشکەش بکات.
دۆزینەوەی خاڵی دەستپێک بۆ گفتوگۆ و نێوەندگیری
پێش هەڵبژاردنی خاڵێکی دەستپێک، زۆر گرنگە کە سەرەتا لە رێگەی شیتەڵکردنی پێودانکە (داینامیکە) ئاڵۆزەکانی ئاسایشی کەشوهەوا و دابەشکردنیان بەسەر خاڵ و کۆڵەکەی بچووکتردا، خاڵە چاوەڕوانکراوەکانی دەستپێک بۆ پرۆسەی گفتوگۆ و نێوەندگیری دەستنیشان بکرێن. رێڕەوەکانی ئاسایشی کەشوهەوا خزمەت بەم مەبەستە دەکەن، ئەوەش لە رێگەی روونکردنەوەی چۆنییەتی کارتێکردنی کاریگەرییەکانی کەشوهەوا لە گرژییە کۆمەڵایەتی، ئابووری یان سیاسییەکانی ئێستا. ئەم شیکارییە سیستەماتیکە، یارمەتیدەرە بۆ دۆزینەوەی خاڵی دیاریکراو کە تێیدا هەنگاوی بنیاتنەر، وەک گفتوگۆ یان نێوەندگیری، دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و دۆزینەوەی چارەسەر. خاڵەکانی دەستپێک رەنگە لە ئاستی جیاوازدا دەربکەون و کاتێک ئەم خاڵانە دەستنیشان کران و لێیان تێگەیشتین، دەتوانرێت بە شێوەیەکی کاریگەر هەڵبسەنگێندرێن و بنرخێنرێن بۆ ئەوەی کاریان لەسەر بکرێت. دوای ئەمە، نەخشەڕێیەکمان دەستدەکەوێت کە دەتوانێت بە شێوەیەکی سیستەماتیک بە گوێرەی گرنگی و بایەخ، پێشینە و پلەبەندی بە خاڵەکانی دەستپێک بدات بۆ گفتوگۆ یان نێوەندگیری، تاوەکو ببێتە بنەمایەک بۆ بڕیاردانی ئاگاهانە و زانایانە. لەنێو ئەم نەخشەڕێیەدا، دەکرێت ژمارەیەک تایبەتمەندی و کۆڵەکەی پێشوەختە دیاریکراو دابنرێن، وەک رێڕەوە چاوەڕوانکراوەکانی کارکردن، چۆنییەتی و توانای گەیشتن بە شوێنەکان، سەلامەتیی کارمەندان و بەشداربووان، خۆبەدوورگرتن لە دووبارەکردنەوەی هەوڵ و کارەکانی دیکە، رادەی گونجانی پرسەکە بۆ گفتوگۆ یان نێوەندگیری، پشتیوانیی لایەنە خۆجێیەکان، هەبوونی نوێنەرایەتیی دیمۆگرافییانەی هاوسەنگی خەڵکەکە و لایە سیاسییە جیاوازەکان و بەدەستهێنانی رێپێدان و رەزامەندیی لایەنە سیاسی و دەزگا ئەمنییەکان.
دواتر دەکرێت سیستەمێکی نمرەدانان و پلەبەندکردن بەکاربهێنرێت بۆ هەڵبژاردنی شوێنێکی دیاریکراو بۆ کارکردن، لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنێکی سیستەماتیک بۆ فاکتەرە جۆراوجۆرەکان. لە چوارچێوەی هەڵسەنگاندنەکانی ململانێ و کەشوهەوادا، گرنگە لەبەرچاو بگیرێت کە ململانێکانی پەیوەست بە کەمبوونەوەی سەرچاوەکان رەنگە لە وەرزی هاویندا بەهۆی فاکتەرەکانی وەک وشکەساڵی، شەپۆلی گەرما و کەمیی بارانبارین بە شێوەیەکی جیاواز لە زستان پەرەبستێنن. هەبوونی نەخشەڕێیەک یارمەتیدەر دەبێت بۆ لەبەرچاوگرتن و مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییە وەرزییانەی کە کاریگەری لەسەر پێودانک و رادەی توندیی ململانێکان هەیە. هەروەها دیاریکردنی هەنگاوەکان بۆ ئامادەکارییە پێویستەکان ئاسان دەکات. زۆر گرنگە کە کاتی پێویست تەرخانبکرێت بۆ گۆڕینی رێڕەوە دەستنیشانکراوەکانی ئاسایشی کەشوهەوا بۆ خاڵەکانی دەستپێکی گفتوگۆ و نێوەندگیری. رەنگە هەر بۆ ئەم مەبەستە پێویست بکات سەرچاوەی زیاتر بۆ راوێژی زیاتر و کۆبوونەوەی پشتڕاستکردنەوەی بابەتەکان، پێویست بێت.
بەردەوام بە لە خوێندنەوە
ئێستا ئامرازەکانی شیکردنەوەی مەترسییەکانی ململانێی پەیوەست بە کەشوهەوا دەزانیت. دواتر، لە بەشی دووەمدا فێری چۆنیەتی جێبەجێ کردنی ڕێبازەکانی گفتوگۆ و نێوەندگیری دەبیت.
بەش دووەم (جێبەجێکردن) گەڕانەوە بۆ لاپەڕەی سەرەکی
پەیوەندیمان پێوەبکە
بۆچونت چیە دەربارەی ڕێبەریەکە و چۆن پلان دادەنێیت بۆ جێبەجێکردنی لە پڕۆژەکەتدا؟
Thanks for your interest
If you find this publication useful, please consider making a small donation. Your support enables us to keep publishing.